لە دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، پەرلەمانتارانی پێکهاتەکانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن هۆشداری دەدەن لە بەردەوامبوونی پەکخستنی پەرلەمان بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە، و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم دۆخە متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لاواز دەکات؛ بۆیە داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان و گەڕانەوەی بۆ ئەرکە یاسادانان و چاودێرییەکەیان بێنە پێشەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە بۆ زاگرۆس هاتووە:
رۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم، دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو. لەم رۆژەدا؛ دەنگدەرانی گەلەکەمان لە کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن و خەڵکی کوردستان روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد بۆ دەنگدان بە نوێنەرەکانیان، لە رێگەی پڕۆسەیەکی دیموکراسیی و شەفاف بۆ دەربڕینی ئیرادەی خۆیان.
بەداخەوە؛ ئەمڕۆ و دوای تێپەڕینی دوو ساڵ، پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە، ئەم پەکخستنە پاشەکشەیە لە بەدیهێنانی ئیرادە گەل و بێبایەخکردنی پرۆسەی سیاسییە لەسەر بنەمای دیموکراسی و شایستەی نوێنەرایەتی پەرلەمانی، رەنگدانەوەی نەرێنیی بەرانبەر رای گشتیی ناوخۆیی و جیهانیی دەبێت.
بەردەوامبوونی ئەم دۆخە وەک خۆی، خزمەت بە ئەو لایەنانە دەکات کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانیان ناوێت، هەروەها متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لە هەرێم لاواز دەکات.
لەم یادەدا؛ داوایەکی برایانە ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانەکان لە پەرلەمان دەکەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەزووترین کات، بۆ ئەوەی بە ئەرک و کاری یاسادانان و چاودێریی خۆی هەڵسێت و ببێتە چەترێک بۆ هەموو دامەزراوە دەستوورییەکانی تر.
بەبوێری و دەستپێشخەرییەوە بەرەو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەکان و بەهێزکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەرپرسیارێتی هەموو لایەنەکانە بەبێ جیاوازی.
نوێنەرانی پێکهاتەی کلدانی سریانی ئاشووری و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان:
پەرلەمانتار جێمس حسدۆ هیدۆ
پەرلەمانتار رامی نووری سیاوش
کوردستانی عێراق
١٩ی تشرینی یەکەم

