بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، ئێران دەتوانێت “لە ماوەی چەند مانگێکدا” دەست بە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو بکات، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی گەیشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـ6-2025، ڕافایل گرۆسی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ‘سی بی ئێس نیوز’دا گوتی: هەر وەک دەزانن، ئێرانییەکان دەتوانن لە ماوەی چەند مانگێکدا، چەند سەنتەرفیوجێک کار پێبکەن بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو، ئاماژەی بەوەش دا، “نازانین ئەو ماددانە لە کوێیە.”
گرۆسی ڕاشیگەیاند، “ڕەنگە بەشێک لەو ماددانە لە هێرشەکەدا لەناوچووبێت، بەڵام ڕەنگە هەندێکی گواسترابێتەوە، ئەوە دەبێت ڕوون بکرێتەوە”، جەختیشی کردەوە، “پێویستە ڕێگەمان پێ بدرێت لێکۆڵینەوە بکەین بزانین چی لەوێ ماوە، لە کوێیە و چی ڕوویداوە.”
ڕۆژی پێنجشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، زیانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی دوای 12 ڕۆژی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل گەورەیە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران “دەیان ساڵ ” دواخراوە .
ئەنجوومەنی شورای ئێران دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دا، هەروەها تاران داوای گڕۆسی بۆ سەردانی شوێنە زیانلێکەوتووەکان بەتایبەتی دامەزراوەی ئەتۆمی سەرەکی فۆردۆی ڕەتکردەوە .

