ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوە داوە، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەنجامی پێچەوانەیان لێ کەوتووەتەوە و ٥٠ ڕۆژ دوای هێرشەکان، هیچ دەرەنجامێکی ئەرێنی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو کۆمەڵێک دەرەنجامی نەرێنی لێ کەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەکە دەنووسێت، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بانگەشەی سەرکەوتنێکی گەورە دەکەن کە گوایە جیهانی گۆڕیوە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بەتەواوی وێران کردووە، بەڵام تاران وازی لە پیتاندنی یۆرانیۆم نەهێناوە. بەپێچەوانەی بانگەشەکانی ناتانیاهۆوە، شەڕەکە نەبووە هۆی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران دژی سیستەمە سیاسییەکەیان، بەڵکوو دەستی حکوومەتی ئاوەڵاتر کرد بۆ ئەوەی هەڵمەتێکی سەرکوتکردنی نەیارانی بگرێتە بەر و سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە ڕەوتێکی خێراتری بەخۆیەوە بینیوە.
گاردیان ئاماژەی بە دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوە کە تێیدا هاتووە، حکوومەتی ئێران لە کاتی قەیرانە نیشتمانییەکاندا سزای سێدارە وەک ئامرازێکی سەرکوتکردنی سیاسی بۆ تێکشکاندنی ناڕەزایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی ترس بەکار دێنێت. شەڕە ١٢ ڕۆژییەکە دەرفەتی بۆ حکوومەتی ئێران ڕەخساند لە مانگی حوزەیراندا سەدان کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر بکرێن و ئێستا نزیکەی ٦٠ زیندانی مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە چەند دەرەنجامێکی دیکەی هێرشەکان کردووە، لەوانە:
دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە.
قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا.
ئیدانەکردنی هێرشەکان لەلایەن وڵاتانی بریکسەوە وەک پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.
زیادبوونی گفتوگۆکان لەبارەی بڕیاری ئێران بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
گەیشتنی وڵاتانی وەک ڕووسیا بەو باوەڕەی دەتوانن بەبێ سزا هێرش بکەنە سەر وڵاتانی دیکە.

