نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایدەگەیەنێت، نیگەرانی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی پارێزگای سوەیدا و شاری منبجن و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، نەک بە خوێنڕشتن.
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: “ڕووداوەکانی ئەم دواییەی منبج و سوەیدا جێگەی نیگەرانین. دیپلۆماسیەت ڕێگای گونجاوە بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی و بنیاتنانی چارەسەرێکی ئاشتییانەی درێژخایەن.”
ناوبراو گوتیشی: “ئەمریکا شانازی دەکات بەوەی یارمەتیدەر بووە لە نێوەندگیریدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لە سوەیدا و بەشداریکردنی لەگەڵ فەڕەنسا بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا.”
باراک نووسیویەتی: “ڕێگای پێشکەوتن لە دەستی سووریاییەکاندایە. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، نەک بە خوێنڕشتن. سووریا شایستەی ئارامییە و گەلی سووریا شایستەی ئاشتییە.”

