وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانە لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاووڵاتییانی شاری سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی دواکەوتنی کارەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی (تی بی ئای).
ئەم مانگە، نزیکەی 24,000 مووچەخۆر مووچەکانیان لە ڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن. لەنێوان 1 تاکو 3ـی ئەیلوول، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 27 ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانکی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانکی ناوبراو.
وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە بانکی تی بی ئای دەکات، وەک تاکە بانکی حکومیی پڕۆژەکە، ڕێز لە ئەرکەکانی گرێبەستەکەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) بگرێت، ئەمەش دابینکردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕکردنەوەی ئامێرەکانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە لقەکانی بانکی تی بی ئای و ستافەکەی دەکات کە زیاتر لە کاتی ئاسایی دەوامەکانیان کار بکەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاووڵاتییان بەبێ کێشە دەستییان بە مووچەکانیان دەگات. هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بکات لە ژێرخانەکەی تاکوو ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە کارکردنی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و تەواوی بانکە بەشداربووەکان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی (هەژماری من) پێشکەشی تەواوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان
7ـی ئەیلوولی 2025

