zagros news agency

بەیاننامەی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ بۆنه‌ی 55 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیه‌وه‌

 

بە بۆنەی هاتنەوەی ساڵیادی پەنجاو پێنج ساڵەی دامەزراندنیەوە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی گرنگ و تایبەت بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەیە:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

((وَاعْتَصِمُوا بِحَبْلِ اللَّهِ جَمِيعًا وَلَا تَفَرَّقُوا وَاذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ)) آل عمران:103.
لە یادی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان؛ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراستەی سەرجەم زانایانی بەرێزی ئایینی و گەلی کورد بەگشتی ده‌كه‌ین.
یه‌كێتی زانایان له‌ 21/9/1970 له‌پێناو ئامانجگەلێکی گرنگی ئایینی و پیشەیی و نیشتمانی، له‌سه‌ر راسپارده‌و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یی مه‌لا مسته‌فای بارزانی له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی دامه‌زرا، کە تا ئێستاش لە خزمەتی بێوچان و ماندوونەناسانەو بەدیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی زانایانی ئایینی‌و پارێزگاری لە دین و پاراستنی بەهاو سنوورەکانی دینداری و پشتیوانیكردن له‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانییه‌كان بەردەوامە.
رێڕەوی کارکردن و هەوڵدانی یەکێتی زانایان درێژەدانە بە رێبازی گەورە زانایانی کورد، لە چوارچێوەی شرۆڤەو تێگەیشتنی دروست و زانستی بۆ دەقەکان و، بەستنەوەی دوێنێی توراسی ئیسلامی بە ئەمرۆو گونجان لەگەڵ پێشهات و پرسە نوێیەکان، هاوکات بە لەبەر چاوگرتنی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆمان، برەودان بە دینداری و پەروەردەو پاراستنی بەها ئایینی و ئەخلاقی و خێزانی و کۆمەڵایەتیەکان لەلایەک و، گەیاندنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری و هزری میانڕەوی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەو رێزگرتن لە یەکتری و، نەهێشتنی رق و کینەو بیری توندڕەوی لەلایەکی ترەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
تەئکید لە پەیامی برایەتی و زمانی رێز لە مومارەسەی دینداری دەکەینەوەو، پێویستە هەمووان تایبەتمەندی رێڕەوی عەقیدەو مەزهەب و یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی نێو موسڵمانانی کوردستان لەبەر چاوو بگرن، نابێ ئایین بکرێتە کەرەستەی ململانێی ناجۆرو درزو پەرتەوازەیی، بەڵکو بە پابەندی لە رێبازی پڕ رەحمەتی ئیسلام و پێشەوای مرۆڤایەتی (محمد المصطفى- درودی خوای لەسەر بێت) دەبێ لە بازنەی برایەتی و رێزگرتن لە یەکتری پەرە بە رەوشی دینداری و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەین لە قۆناغی چاکبوون بەرەو قۆناغی چاککردن بڕۆین، بەوە دەتوانین هەموو ئەو ئاڵنگاری و پێشهاتانە بوەستێنین کە زیانی بۆ کیان و کۆمەڵگە هەیە.
داوا دەکەین سەرجەم لایەنەکان تەبایی و یەکهەڵوێستی نیشتمانی رابگرن و لەئاست بەرپرسیارێتی و دابینکردن و پاراستنی مافی گشتی و هاوڵاتیان بن، بە گرنگی دەزانین هەمووان بایەخی زیاتر بە رەوشی ئایینی و مزگەوت و زانایان و پاراستنی پێگەی ئایین و خوێندنی ئیسلامی بدەن، چونکە ئایین و نیشتمان لێک جیا ناکرێنەوەو پاڵپشتی هەرە گەورەش بۆ ئایندەی کوردستان ئەم رەهەندە گرنگەیە، لەم رووەوە رۆڵی زانایانی ئایینی لەبواری ئایینی و پیشەیی بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ئەرک و ماندووبوونیان دەکەین.
دووبارە پیرۆز بێت 55 ساڵ خزمەت و بەردەوامی.. خوای گەورە هەموو لایەک سەرفراز بکات.

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان
20ی9ی2025

هەواڵی پەیوەندیدار

د.به‌شیر حه‌داد بۆ زاگرۆس: ناكرێت له‌ژێر هیچ پاساوێكدا چیتر پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌ت دوابخرێت

سەڵاح

شاندێکی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای ئیران سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیان کرد

دڵشاد

سەرۆک نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى ئه‌نجومه‌نى پيرانى ئه‌مه‌ريكا كۆبووه‌وه‌

یاسین