بەرپرسێكی دابەشكردنی خۆراك ئاشكرای دەكات، لیستی بریكاری بەشەخۆراكی مانگی سێ دابەش دەكرێت و روونیشی دەكاتەوە، لە دەرەوەی شار و ناوچە دوورەكان بەشەخۆراكی زیادكراوی مانگی رەمەزان بەتەواوی دابەش كرا و لەمڕۆوە لە ناوشاریش دابەش دەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی هەولێر، سەرجەم ئەو بریکارانەی خۆراک ئاگاداری دەکاتەوە، کە تاکوو ئێستا لیستی بریکاری مانگی سێی ساڵی 2024یان نەبردووەتەوە، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا سەردانیان بكەن.
ئاماژە بەوەش كراوە: “هەر بریكارێك رۆژانی (ئەمڕۆ چوارشەممە و سبەی پێنجشەممە و یەکشەممەی داهاتوو) سەردانمان نەكات و لیستی بریكاری بكەوێتە دوای جەژن، ئەوە سەبەتەی خۆراكی مانگی ڕەمەزان، كە لە شەعرییە و مەعکەڕۆنی و نیشاستە و ئاردی سفر پێكهاتووە، بۆیان ناچێت.”
لای خۆیەوە، دلێرعەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەوەی پارەیان نەداوە، بەشێكی بریكارەكان لیستی بریكاری بەشەخۆراكی مانگی سێیان نەبردووەتەوە، دەبێت لەو سێ رۆژەی بۆیان دیاركراوە بێن لیستەكان ببەنەوە.”
سەبارەت بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی تایبەتی مانگی رەمەزان گوتی: “لە شوێنە دوورەكان تەواو بووە، ئەمڕۆ لە نێوشاری هەولێر دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.”
ئاماژەی بەوەش دا، لە هەموو شوێنەكان بەشەخۆراكی مانگی دوو دابەش كراوە، ئەوەی ماوەتەوە بەشەخۆراكی زیادكراوی مانگی رەمەزانە لە ناوشار، ئەویش دابەش دەكرێت.