پێگەى (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە: هیچ شتێک ئەوەندەی پرسیارێکی سادە دژیەکییەکەى ئەمنییەکەی بەغدا دەرناخات: چۆن دەکرێت پایتەختێک کە ڕۆژانە لەسەر ڕیتمی شەڕە عەشایەرییە خوێناوییەکان، تاوانە خێزانییە ڕوو لە هەڵکشانەکان، بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ماددە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنە پەیوەندیدارەکان بە “ئیبتیزاز” و “تاوانەکانی سۆشیاڵ میدیا”ـەوە دەژی، لە پێنوێنە نێودەوڵەتییەکاندا تەنها وەک شارێک کە “ڕێژەی تاوانی مامناوەندە” دەربکەوێت؟ پرسیارەکە لە پارادۆکسێک دەچێت، بەتایبەتی کە بەغدا لە پێنوێنی تاوان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پلەی دووەمی عەرەبی و ٩٦ـەمی جیهانی گرتووە، واتە هێشتا لە ناوچەی مەترسیدایە، تەنانەت ئەگەر ژمارە ناوخۆییەکان هەوڵی جوانکردنی ئەم واقعەش بدەن.
ئەو شارەی کە تەنها لەم ساڵەدا دەیان شەڕ و ناکۆکیی عەشایەری بەخۆیەوە بینیوە و بە قوربانی لە ڕیزەکانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان کۆتایی هاتووە، هێشتا بازنەی چەکی بێسەروبەر و بوونی گرووپە چەکدارەکان و کردەوەکانی تۆڵەسەندنەوەی جێنەهێشتووە. بەسە تەنها چاودێریی هەواڵەکانی دادگا و وەزارەتی ناوخۆ لە مانگەکانی ڕابردوودا بکەیت بۆ تۆمارکردنی زنجیرەیەکی فراوان لە تاوانی خێزانی، کوشتن بە پاڵنەری دەروونی یان دارایی، و بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە دۆسیەکانی توندوتیژی دژی ژنان. ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ فراوانبوونی ڕوونی تۆڕەکانی بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە دەوروبەری پایتەخت و هەندێک لە گەڕەکە قەرەباڵغەکانی، لە کاتێکدا تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی وەک هەڕەشە و ئیبتیزاز و ناوزڕاندن بوونەتە بەشێکی بەردەوام لە ڕاگەیاندنە ئەمنییەکانی ڕۆژانەی بەغدا.
ئەم ڕووە گرژەی شارەکە وا لە زۆر کەس دەکات پێیان وابێت کە پۆلێنکردنە نێودەوڵەتییەکە موجامەلەی بەغدا ناکات کاتێک لە پلەیەکی پێشکەوتووی عەرەبیدا دایدەنێت، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی بەردەوامی کێشە بونیادییەکانیەتی: چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، لاوازیی ڕێگریی کۆمەڵایەتی، لەرزۆکیی ژێرخانی دادوەری و بڵاوبوونەوەی ئابووریی سێبەر (نایاسایی). نەخشەی ئەمنیی پایتەخت هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە سەقامگیری کە وای لێبکات ببێتە شارێکی کەم تاوان، هەرچەندە هەندێک لە پێنوێنەکان هەوڵ دەدەن دۆخەکە بە کەمتر ڕەش نیشان بدەن.

