ڕاپۆرتەکان لە ئوسترالیا باس لە ڕووداوی تەقەکردن دەکەن بەرانبەر بە کۆمەڵێک خەڵک لە کەنار دەریاکەی بۆندی لە سیدنی کە بۆ بەڕێوەبردنی ئاهەنگی جولەکەکان کۆ ببوونەوە؛ ڕووداوێک کە لانیکەم ١٢ کوژراوی لێ کەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کۆمەڵێک جولەکە کاتێک تەقەکردنەکە ڕووی داوە، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی حانوکا بوون. میدیا ناوخۆییەکان کەمێک دوای کاتژمێر ٦:٤٠ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی کانوونی یەکەم، هەواڵیان لە بیستنی چەندین گوللە و هێرشی ئۆتۆمبێلی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە و هەڵاتنی سەدان کەس لە کەنار دەریاکە ڕاگەیاند.
پۆلیسی ویلایەتی نیو ساوت وێڵز لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕای گەیاند: “ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی هێشتا بەردەوامە و لە خەڵک دەخوازین خۆیان لە چوونە ئەم دەڤەرە بپارێزن.”
هاووڵاتییانی ئامادەبوو لە کەنار دەریاکە بە ڕۆژنامەی “سیدنی مۆرنینگ هیرالد”یان گوت کە دەنگی نزیکەی ٥٠ گوللەیان بیستووە. هاری ویلسۆن، دانیشتووی ٣٠ ساڵەی دەڤەرەکە کە شایەتی ڕاستەوخۆی تەقەکردنەکە بووە، بەم ڕۆژنامەیەی گوت: “لانیکەم دە کەسم بینی کە لەسەر زەوی کەوتبوون و هەموو شوێنێک پڕ بوو لە خوێن.”
هەروەها، کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنی سکای و ئەی بی سی وێنەکانیان بڵاو کردەوە کە نیشانی دەدات ژمارەیەک لە خەڵک لەسەر زەوی کەوتوون.
ڕۆژنامەی ئیسرائیلی “هاآرتس” لە ڕاپۆرتی سەرەتایی خۆیدا هەواڵی دا کە لانیکەم ١٠ کەس بەهۆی ئەم تەقەکردنەوە بریندار بوون. هەواڵە تەواوکراوەکان کە لە لایەن پۆلیسی ئوسترالییەوە بڵاو کراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم ١٢ کەس، لەوانە یەکێک لە تەقەکەرەکان، لەم ڕووداوەدا گیانیان لە دەست دا و ٢٩ کەسی بریندار گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئیسحاق هێرتسۆگ، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، تەقەکردنی “بێبەزەییانە”ی بەرانبەر بە کۆمەڵێک جولەکە لە کەنار دەریاکەی باندی سیدنی، هاوکات لەگەڵ مەراسیمی ئاهەنگی حانوکا، بە توندی سەرکۆنە کرد و داوای لە حکومەتی ئوسترالیا کرد کە بەرانبەر بەوەی کە ئەو ناوی نا “شەپۆلی گەورەی دژە-جولەکایەتی” کە بە گوتەی ئەو “کۆمەڵگەی ئوسترالیای گرتووەتەوە”، بوەستێتەوە.
ئانتۆنی ئالبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیاش، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، ئەم ڕووداوەی بە “شۆکهێنەر” وەسف کرد و وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی توندی خۆی، ڕای گەیاند: “ئێمە لە هەماهەنگییەکی تەواوداین لەگەڵ پۆلیسی نیو ساوت وێڵز و بە پشتڕاستکردنەوەی زانیاریی زیاتر، هەواڵ و زانیارییەکانی ئەم ڕووداوە دەخەینە بەردەست خەڵک. لە خەڵکی ئامادەبوو لەم سنوورە دەخوازین ڕاگەیاندن و ڕێنماییەکانی پۆلیس پەیڕەو بکەن.”
گیدۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە وەڵامی پەیامی سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: “وشانەی کە لە بەیاننامەی سەرۆک وەزیراندا نابینرێن: جولەکەکان. دژە-جولەکایەتی. تیرۆر.”
ئانتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نووسی: “من لە هێرشی کوشندە و ترسناکی ئەمڕۆ دژ بە خێزانە جولەکەکان کە بۆ ئاهەنگی حانوکا لە سیدنی کۆ ببوونەوە، زۆر شۆک بووم و بە توندی سەرکۆنەی دەکەم. لەم یەکەم ڕۆژی حانوکادا، ئاهەنگێک کە یاداوەریی موعجیزەی ئاشتی و سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا، دڵم لەگەڵ کۆمەڵگەی جولەکەکان لە سەرتاسەری جیهاندایە.”
پۆلیسی ئوسترالیا هەروەها ڕای گەیاند کە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەبارەی بیستنی دەنگی تەقەکردن لە کەنار دەریاکەی باندی سیدنی، دوو کەس دەستگیر کراون. میدیا ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیان دا، پیاوێک کە گومانی لێ دەکرێت یەکێک لە تەقەکەرەکان بووبێت، لە لایەن پۆلیسەوە تەقەی لێ کراوە. هەروەها، بە گوتەی شایەتحاڵەکان، هاووڵاتییەک لەگەڵ یەکێک لە تەقەکەرەکان کە لە پانتایی سەوزی تەنیشت پارکینگی شەقامی کەمپبڵ پەرەید بە چەکی گەرم سەرقاڵی تەقەکردن بووە لە خەڵک، تێهەڵچووە و لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بووە لە چەکداماڵینی.
پۆلیسی ئوسترالیا ڕای گەیاند کە “لێکۆڵینەوەیەکی گرنگ” بە سەرۆکایەتیی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدات و جەختی کردەوە کە ئەم هێرشە “بۆ ئامانجگرتنی کۆمەڵگەی جولەکەکانی سیدنی داڕێژرا بوو.”
ئوسترالیا چەند مانگێک پێش ئێستا وێڕای دەرکردنی باڵیۆزی ئێران گوتبووی کە تاران هەوڵی گرتنەبەری ناوەندە پەیوەندیدارەکانی جولەکەکان لە ئوسترالیا دەدات.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

