پیتەر گرین، ئەو ئەکتەرەی بە ڕۆڵی “خراپەکار” ناسرابوو، بە مردوویی دۆزرایەوە
بەڕێوەبەری کارەکانی پیتەر گرین، ئەکتەری ناوداری ئەمەریکی ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی تەرمی ناوبراو لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە نیویۆرک دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمەریکا، پۆلیس دوای ئەوەی لەلایەن دراوسێکانییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە دەنگی مۆسیقا لە شوقەکەیەوە دەبیسترێت، چوونەتە شوێنەکە و تەرمەکەیان لە نهۆمی زەمینی دۆزیوەتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە گرین لەسەر دەم کەوتووە و برینێک بە دەموچاوییەوە بووە و خوێن لە شوێنەکەدا هەبووە، بەڵام هێشتا هۆکاری فەرمیی گیانلەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکراوە.
پیتەر گرین زیاتر بە بەرجەستەکردنی ڕۆڵی کەسایەتییە خراپەکار و تاوانبارەکان ناسرابوو، دیارترین ڕۆڵەکانی بریتی بوون لە “زێد” لە فیلمی بەناوبانگی (Pulp Fiction) لە ساڵی ١٩٩٤ و ڕۆڵی “دۆریان” لە فیلمی (The Mask) لەگەڵ جیم کێری. هەروەها بەشداری لە چەندین فیلمی دیکەی وەک (The Usual Suspects) و (Training Day) کردووە.

