ڕۆژی چوارشەممە، کانوونی یەکەمی ٢٤، چواردە وڵات لەنێویاندا ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و کەنەدا، بڕیاری ئیسرائیلیان بۆ دروستکردنی ١٩ شارۆچکەی نوێ لە کەناراوەکانی ڕۆژاوای داگیرکراو مەحکووم کرد. ئەم وڵاتانە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە ئەم بڕیارە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و ئاسۆی ئاشتیی درێژخایەن.
ئەم وڵاتانە، کە بریتین لە ئەڵمانیا، بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئایسلەند، ئایرلەند، ژاپۆن، ماڵتا، هۆڵەندا، نەرویج، ئیسپانیا و بەریتانیا، ڕایانگەیاند “ئێمە جارێکی دیکە ناڕەزایەتیی ڕاشکاوانەی خۆمان دژ بە هەر جۆرە لکاندن و فراوانکردنێک لە سیاسەتی شارۆچکەسازییدا دەردەبڕین.” هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کردەوەی لەم جۆرە مەترسیی تێکچوونی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاد دەکات و ئاسۆی ئاشتیی بەردەوام دەخاتە مەترسییەوە.
گیدئۆن سەعەر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەم ڕەخنانەی ڕەت کردەوە. ئەو لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X نووسی ئەم بڕیارە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان پێویستە و حکوومەتە بیانییەکان ناتوانن مافی جوولەکان بۆ ژیان لە خاکی ئیسرائیلدا سنووردار بکەن. سەعەر جەختی کردەوە هەر داواکارییەک لەم بارەیەوە “لە ڕووی ئەخلاقییەوە هەڵەیە و جیاکارانەیە.”
ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی ١٩٦٧دا کەناراوەکانی ڕۆژاوای داگیر کرد و لەو کاتەوە ئەم ناوچەیە لەژێر ئیدارەی سەربازیی ئەم وڵاتە دایە. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، شارۆچکەکانی ئیسرائیل لە زەوییە داگیرکراوەکاندا نایاسایی هەژمار دەکرێن. لە ئێستادا، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار شارۆچکەنشینی ئیسرائیلی لەپاڵ نزیکەی سێ ملیۆن فەلەستینیدا لە کەناراوەکانی ڕۆژاوا دەژین.

