مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەت رایگەیاند: “ئەو هەواڵانەی باس لە راگرتنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە.”
سافی ئاماژەی بەوەش کرد کە “گەشتە ئاسمانییەکان بۆ هەموو شوێنەکان بەردەوامن، تەنانەت ئەو فڕۆکانەشی بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕ دەبن بەردەوامن و هیچ راگرتنێکی گەشتەکان لە هیچ یەک له فڕۆکەخانەکان نییە.”
روونیشی کردەوە کە “راگرتنێکی کاتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ گەشتەکانی بەرەو ئێران روویدا بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە و دوای ئاساییبوونەوەی دۆخەکە گەشتەکان دەستیان پێکردەوە و بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن.”
لە لایەکی دیکەوە، هێڵی ئاسمانیی ئێرانی “ماهان”، ئەمڕۆ دووپاتی کردەوە کە گەشتەکانی بۆ عێراق لە هەموو فڕۆکەخانەکاندا بەردەوامن.
وتەبێژی فەرمیی هێڵی ئاسمانیی ئێرانی ئاماژەی بەوەش کرد کە “کەمبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران لەم ماوەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵ و دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن، جگە لە دۆخی کەشوهەوای زستانە.”
وتیشی: “تەنیا یەک گەشت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە هەڵوەشاوەتەوە و هیچ بڕیارێک بۆ هەڵپەساردنی گەشتەکان نییە.”
ئەوەشی روون کردەوە کە “ئەمڕۆ گەشتێکی ئاسمانی لە تارانەوە بۆ هەولێر و بەپێچەوانەشەوە ئەنجام دراوە.”

