ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆك بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2024 لە سەلاحەدین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریك دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەورەها بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە و ئەوەشی خستەڕوو كە فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن.

جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی فەڕەنسا هەبوو لە پشتیوانیكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكان. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەروەری و مافە نەتەوەییەكان و ڕەتكردنەوەی جیاكاری و ستەم.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتییە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە.

سەرۆك بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە مافێكی سروشتی خەڵكی كوردستان لە قەڵەم دا كە بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و لە دژی هەرێم بەكار بهێندرێت.

هەر لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاند و بە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان نێوان هەردوولای وەسف كرد.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش، سەرۆك بارزانی تەئكیدی كردەوە كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی.

سەرۆك بارزانی هیوایشی خواست لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

به‌وێنه‌… پێنج گوند له‌ ناحیه‌ی كه‌له‌كچی قیرتاو كران

سەڵاح

ئه‌مه‌ریكا: پەرەسەندنی گرژییەکان و ئاڵۆزبوونی زیاترمان ناوێت

سەڵاح

پارێزگارى هەولێر: “چەند کەموکوڕییەک هەیە لە شاری هەولێر کە لە کاتی بارانبارینی زۆر، ئاوێکی زۆر تێیدا پەنگدەخواتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا چارەسەریان دەکەین”

دڵشاد