وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، لەمەودوا مۆڵەتی نوێی شوفێریت بە شێوەی دیجیتاڵی لە ئەپی (KRDPass) ببینە و بەكاری بهێنە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18/2/2026، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیان، ئەپڵیکەیشنی (KRDPass) کە لەسەر هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئەپڵ وەکوو دەروازەی ئەلیکترۆنیی هاووڵاتیانی کوردستان بەردەستە.”
ئەوەش خراوەتە ڕوو: “ئێستا هەڵگرانی مۆڵەتی نوێی شۆفێریی دیجیتاڵی، دەتوانن کۆپیی ئەلیکترۆنی مۆڵەتەکەیان لەسەر ئەو ئەپڵیکەیشنە ببینن، هەموو وردەکارییەکانی مۆڵەتی شوفێری و کۆپییەکی دیجیتاڵی کەوتووەتە بەردەست شوفێران.”
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ڕوونیش كراوەتەوە، ئەپڵیکەیشنەکە بکەرەوە و وەشانی نوێی دابەزێنە /ئەپدەیتی بکە/، پاشان لە بەشی جزدان، مۆڵەتەکەت ببینە، لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لەلا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، دەتوانن کۆپیی دیجیتاڵی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ئاماژەبۆکراو پیشان بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن.

