بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەی ‘شەرقولئەوسەت’ـی راگەیاند، “ئەمریکا لە پشت عێراق وەستاوە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و ئاسایش.
ئەو بەرپرسە رەتکردنەوەی ئیدارەی ئەمەریکا بۆ کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە و رایگەیاند، “حکوومەتێک کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق لە پێشینەی خۆیدا دابنێت، عێراق لە ململانێیە ناوچەییەکان دوور بخاتەوە، یان قازانجی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێز بکات.”
ئەم رەتکردنەوەیەی ئەمەریکا گەیشتە ئەو ئاستەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا راستەوخۆ هەڕەشەی سەپاندنی سزاکان و بڕینی هاوکارییەکان لە عێراق بکات، ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس لە کاتێکدا عێراق بەدەست بۆشایی دەستوورییەوە گرفتارە لەدوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی دووەمی 2025.
هەڕەشەکانی ترەمپ خۆی لە سەپاندنی سزا یان بلۆککردنی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی عێراق کە لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک دانراوە دەبینێتەوە، هەروەها رەنگە پەنا بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە عێراق بە یەدەگی دۆلاری ئەمریکی ببات.
دۆناڵد ترەمپ سیاسەتێکی تێکەڵە لە هەڕەشە و سوودی ئابووری بەرانبەر عێراق پەیڕەو دەکات، وەک رێگەدان بە کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکانی وەک شیڤرۆن بۆ هاتنە ناو بازاڕی عێراق و دووبارە داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسی عێراق دوور لە دەستی دەرەکی.
هەروەها تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە دیدارەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، جەختی لەسەر سەرکردایەتییەکی کاریگەر کردەوە کە هاوتەریب بێت لەگەڵ سیاسەتەکانی سەقامگیری، هۆشداریشیدا لەوەی هەر حکوومەتێک “لەلایەن دەسەرەکییەوە دامەزرابێت” شکست دەهێنێت لە جێبەجێکردنی خواستەکانی گەلی عێراق یان پێکهێنانی هاوبەشییەکی کاریگەر لەگەڵ ئەمریکا.

