عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە پەیامێکی تونددا هۆشداریی دایە ئەمریکا و ڕایگەیاند هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێران بڕیاریان داوە تا کۆتایی لە بەرانبەر خۆسەپاندنی ئەمریکادا بوەستنەوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەرچی ئێران لە ڕابردوودا دەسپێشخەری هیچ شەڕێک نەبووە و هەوڵی ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان داوە، بەڵام کردەوەکانی ئەمریکا وای کردووە تاران ستراتیژیی خۆی بگۆڕێت. موسەوی بە ئاماژەدان بەوەی کە بوونی هێزە دەرەکییەکان هۆکاری ناسەقامگیرییە، ڕایگەیاند جیهان لە قۆناغی تێپەڕین لە سیستەمی “تاکجەمسەری” دایە و ئەمریکا دەیەوێت بە زۆر باڵادەستیی خۆی بسەپێنێت، بەڵام گۆڕانی ئەم نەزمە جیهانییە حەتمییە. هەروەها بە بیرهێنانەوەی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای زیانەکان و شەهیدبوونی فەرماندەکان، دوژمن ناچار کراوە بۆ ئاگربەست بپاڕێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە ئەمریکا تووشی هەڵە ببێت، زەبرێکی زۆر قورس و کوشندەی لێ دەدرێت.

