کوردستان دەبێتە ئەندامی فیدراسیۆنێکی تۆپی پێی جیهانی و لەمەودوا بە ئاڵای کوردستانەوە بەشداریی پاڵەوانێتییە جیهانییەکان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزشی کوردستان بڵاوی کردەوە: “کوردستان بووە ئەندامی فەرمی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی نێودەوڵەتیی و لەمەودوا کوردستان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان لەژێر ئاڵای کوردستان بەشداریی جام و پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی بچووککراوە دەکات.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، بە چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جامی جیهانی تۆپی پێی بچووکراوەی ئافرەتان لە هەولێر بەڕێوەچوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بچووککراوەی جیهان داواکاری کوردستانی بۆ بوونە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنە قبووڵ کرد و لەمەودوا کوردستان هاوشێوەی هەڵبژاردەی وڵاتانی جیهان بەناوی هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی پاڵەوانێتییەکان دەکات.”
رۆژی 22ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاریی کۆتایی مۆندیالی تۆپی پێی بچووککراوەی خانمان لە هەولێر بەڕێوەچوو، خانمانی میسر بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە خانمانی بەڕازیلییان بردەوە.

