موجتەبا حوسێنی، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری سەبارەت بە کاتی هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران ڕایگەیاند، هێشتا دیار نییە ئەو پرۆسەیە چەند کات دەخایەنێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بابەتە پێویستی بە تاوتوێی کۆمەڵێک بارودۆخ و ڕاوێژ هەیە و دواتر جێبەجێ دەکرێت. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شارەزایان هیوای خواست ئەندامانی ئەنجومەنەکە بە زووترین کات کۆ ببنەوە و بڕیاری کۆتایی بدەن.
حوسێنی جەختی لەوەش کردەوە کە دوژمنانیان چەندین ملیار دۆلاریان بۆ شێواندنی بیری خەڵک خەرج کردووە، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وای کرد ئەو کەسانەشی کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی دوژمن، بێنە مەیدان. ناوبراو حکومەتە عەرەبییەکانی بە بەکرێگیراو ناو برد و گوتی، ئەمریکا و دەستوپەیوەندییەکانی خیانەتکارن. هاوکات ئەحمەد خاتەمی، ئەندامێکی تری هەمان ئەنجومەن ڕایگەیاند، ڕێبەری داهاتوو بە زووترین کات ڕادەگەیەنرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا لەگەڵ ئەمریکا لە جەنگ دان و دۆناڵد ترەمپ توانای بەرگەی جەنگی درێژخایەنی نییە.
بەپێی مادەی ١١١ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، دوای کوژرانی خامنەیی، ئەنجومەنێکی سێ کەسی لە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران؛ غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و عەلیڕەزا ئەعرافی، زانای ئایینیی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور، بە شێوەیەکی کاتی کاروباری ڕێبەریی ئێران ڕادەپەڕێنن. ئەم ئەنجومەنە دوێنێ بۆ جاری سێیەم کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
هەواڵی داهاتوو

