وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە هێزەکانی سوپا لە قەزای مەخموور ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بوونەتەوە و توانیویانە مەترسییەکە پووچەڵ بکەنەوه.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری، بارەگای فەوجی یەکی لیوای ٥٠ی سەر بە فیرقەی ١٤ی پیادە لە قەزای مەخموور کراوەتە ئامانج.
سەرەتا سێ درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووە و دواتر درۆنی چوارەم شوێنی کەوتووە.
بەپێی راگەیەندراوەکه، هێزەکانی ئەندازیاریی مەیدانی و سوپا توانیویانە ڕووبەڕوویان ببنەوە و درۆنەکان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکبشکێنن.
وەزارەت جەختی کردەوە کە هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی سوپا و هاووڵاتییاندا نییە، تەنها هەندێک زیانی ماددی بە شوێنی هێرشەکە گەیشتووە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا چەندین هێرشی هاوشێوە کراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق، لەوانە فڕۆکەخانەی بەغداد. لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشەکان و لێکەوتە ئەمنییەکانی.

