مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووپاتی کردەوە کە شوێنەوارەکانی ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ئێستا دەرناکەون، بەڵکو دوای دوو مانگی تر دەردەکەون. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر داخستنی گەرووەکە بەردەوام بێت حکومەت پەنا بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی دەبات، و ڕایگەیاند کە عێراق بۆ ماوەی 5 مانگ لە ڕووی داراییەوە پارێزراوە.
ساڵح گوتی: “کۆسپەکان لەبەردەم هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە کاریگەرییان لەسەر کۆی دۆخی دارایی و ئابووری وڵات هەیە، بەڵام ئێستا دەرناکەوێت، چونکە نەوت هەناردە دەکرێت و دواتر نرخەکەی دیاری دەکرێت.”
ئاماژەی بەوەش کرد: “کاریگەرییەکە نزیکەی دوو مانگی تر دەستپێدەکات بە دەرکەوتن، واتە لەگەڵ هاتنی مانگی پێنج و شەش بەهۆی ڕاوەستانی هەناردەکردن؛ بە ئەگەرێکی زۆریش پڕۆسەیەک بۆ ڕێککەوتن و چاکسازی ڕوودەدات، چونکە خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جەنگەکە وەک ئەوپەڕی ماوە، 4 مانگ دەخایەنێت.”
هەروەها وتیشی: “حکومەت هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لە پەنابردن بۆ قەرزکردن بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و دانەوەی پابەندبوونە دەرەکییەکان”، ڕوونیشیکردەوە کە “عێراق لەو دوو مانگەی ئاماژەمان پێدا، بە قۆناغێکی دەستپێوەگرتن (تەقەشوف)دا تێدەپەڕێت لە بابەتی کرێ، مووچە، خانەنشینی و چاودێری کۆمەڵایەتی.”
لە کۆتاییدا باسی لەوە کرد: “یەکێک لەو چارەسەرانەی حکومەت دەیگرێتەبەر قەرزکردنی ناوخۆییە، هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتی نەختینەیی و داراییدا هەیە، چونکە یەدەگی عێراق باشە و ڕێگەی پێ دەدات قەرز بکات.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “یەدەگی نەختینەیی عێراق پاڵپشتی لە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی دەکات کە ئەگەر قەیرانەکە بەردەوام بێت ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەڵام عێراق پارێزراوە و ئەگەر ئەم قەیرانە 4 یان 5 مانگ بەردەوام بێت زۆر کاریگەر نابێت.”

