zagros news agency

فراكسیۆنی پارتی: سه‌ركۆنه‌ی گوتاره‌ ژه‌هراوییه‌كه‌ی به‌ها ئه‌عره‌جی ده‌كه‌ین

 

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 20ی 3ی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەرلەمانی عێراق، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌.

 

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەمان، بە توندی سەرکۆنە و ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانە دەکات کە لەلایەن پەرلەمانتار به‌ها ئه‌عره‌جی داویەتی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران کە بەزاندنێکی ڕاشکاوی دەستووری عێراق و دابەزینێکی قبوڵنەکراوی گوتاری سیاسییە لەژێر چەتری پەرلەماندا.

 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، ئەوەی گوتراوە تەنیا جیاوازی بیروبۆچوون نەبووە، بەڵکوو گوتارێکی ژەهراوییە و بێڕێزییەکی ڕاشکاو بە بنەما دەستوورییەکان نیشان دەدات، و هەوڵێکی بێهودەیە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە سەروەرییەکانی و ناساندنی سەرکردەکانی بە سیفەتی کارگێڕی کە لەگەڵ پێگە دەستوورییەکەیان ناگونجێت.

 

ئەم تێڕوانینە پێشێلکردنی ڕوونی ماددە دەستوورییەکانی (112، 114، 115، 116، 117، 121) کە پەیوەندی نێوان ناوەند و هەرێمیان لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی هاوسەنگ نەک پاشکۆیەتی ڕێکخستووە.

 

لێرەوە، بۆ ڕای گشتی دووپاتی دەکەینەوە:

 

1. شەرعییەتی دەستووری (ماددەی 117): دەسەڵاتەکانی هەرێم (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) دەسەڵاتی هەرێمێکی فیدراڵین کە دەستوور چەسپاندوویەتی، و سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیرەکان ئەرکەکانیان بەپێی ڕاسپاردەیەکی دەستووری تەواو لە گەلەکەیانەوە ئەنجام دەدەن، ئەوان (فەرمانبەر) نین لای هەوسی سیاسییە گۆڕاوەکان.

 

2. باڵادەستی یاسا (ماددەی 115): دەستوور پێشینەیی داوە بە یاسای هەرێم لە کاتی هەبوونی ناکۆکی لە پسپۆڕییە هاوبەشەکاندا، بۆیە زمانی “فەرمان و ئینزار” زمانێکی دەرچووە لە یاسا و دەستوور و نیشانەی عەقڵییەتێکی ناوەندگەرێتی کۆنە.

 

3. سەرکۆنەکردنی کەمتەرخەمی سەرۆکایەتی: ئێمە سەرکۆنەی بێدەنگی و کەمتەرخەمی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین لە ئاست ئەم دەستدرێژییە، کە ئەمەش کەمتەرخەمییە لە ئەرکە دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی شکۆی دامەزراوەی یاسادانان و پاراستنی دەقەکانی دەستوور لە موزایەدەی سیاسی.

 

هەروەها “جەخت دەکەینەوە کە بەردەوامبوون لەم گوتارە دوژمنکارانە تەنیا خزمەت بە دوژمنانی عێراق دەکات، و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدانی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییەی کە کۆمان دەکاتەوە. دەبێت تێبگەن کە سەردەمی “ناوەندگەرێتی چەوسێنەر” بەبێ گەڕانەوە کۆتایی هاتووە، و دەستوور دادوەر و یەکلاکەرەوەیە، هەرکەسێکیش ناتوانێت دەستوور بخوێنێتەوە ولێ تێناگات، با واز لە سیاسەت بهێنێت پێش ئەوەی وڵات تووشی قەیرانێک بکات کە دەرەنجامەکەی باش نابێت.”

هەواڵی پەیوەندیدار

نەتانیاهۆ لە دادگەی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو

سەڵاح

بە هەزاران پەنابەری سووریایی لە وڵاتانی دراوسێوە دەگەڕێنەوە

یاسین

نێردەی نێودەوڵەتی بۆ سووریا هێرشەکانی ئیسرائیل لە سەر ئەم وڵاتەی شەرمەزار کرد

یاسین