وەزارەتی تەندروستی بڕیاری نوێ لەبارەی دەوامی پزیشکان و نەخۆشخانەکان دەردەکات
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و پاراستنی مافی نەخۆش، زنجیرەیەک بڕیاری نوێ و گرنگی بۆ پزیشکان و نەخۆشخانە حکومییەکان دەرکرد.
گرنگترین بڕیارەکان بریتین لە:
1- وەزارەت جەخت دەکاتەوە دەبێت پزیشکی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین لە کاتی ئێشکگرییدا بەردەوام لەناو نەخۆشخانە ئامادەبن، بە هیچ جۆرێک رێگە نادرێت پزیشک لە دەرەوەی نەخۆشخانە بێت و بە تەلەفۆن (On Call) کارەکان راپەڕێنێت.
2- قەدەغەکردنی دەوامی نۆرینگە لە رۆژی ئێشکگرییدا:
ئەو پزیشکەی لە نەخۆشخانە حکوومییەکان ئێشکگرە، بۆی نییە لە هەمان رۆژدا لە نۆرینگەی تایبەت یان نەخۆشخانە ئەهلییەکان کار بکات، دەبێت تەواوی کاتەکەی بۆ خزمەتی نەخۆشخانە حکوومییەکە تەرخان بکات.
3- قەدەغەکردنی چارەسەر و دەستنیشانکردن بە مۆبایل:
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی مۆبایل و ئەپڵیکەیشنەکانی (ڤایبەر، واتسئەپ، تێلێگرام) بۆ بینینی وێنە و ڤیدیۆی نەخۆش و دەستنیشانکردنی نەخۆشی قەدەغەیە، پزیشک دەبێت بە شێوەی راستەوخۆ لەسەر جێگەی نەخۆشەکە ئامادە بێت و پشکنینی بۆ بکات.
4- بەرپرسیارێتی پزیشکی پسپۆڕ:
پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و دێرین بۆیان نییە تەنها بە راوێژی تەلەفۆنی لەگەڵ پزیشکی پسپۆڕ بڕیار لەسەر نەخۆش بدەن، بەڵکو دەبێت پزیشکی پسپۆڕ خۆی لە لای نەخۆشەکە ئامادە بێت بۆ هەر رێکارێکی پزیشکی.
5- دادپەروەری لە خشتەی دەوام:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان راسپێردراون کە خشتەی ئێشکگریی مانگانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بەبێ جیاوازی دابەش بکەن، هەروەها هەر گۆڕانکارییەک لە خشتەکەدا دەبێت پێشوەختە رەزامەندی لەسەر بدرێت و بڵاوبکرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە ئەم بڕیارانە بە مەبەستی دڵنیابوونەوەیە لەوەی هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە حکومییەکان باشترین چاودێرییان بۆ بکرێت. هەروەها بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان ڕاسپێردراون خشتەی ئێشکگری بە دادپەروەری ڕێک بخەنەوە و هەر سەرپێچییەکیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

