بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، کە بەرهەمهێنانەوەی غازی کۆرمۆر، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 10 تانکەر غاز بۆ هەولێر دابین دەکرێت، بەمەش لەسەرووی 50% دۆخی غاز ئاسایی بووەتەوە.
سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: تاوەکو ئێستا 410 هەزار خێزان لە دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی سوودمەند بوونە. 15 هەزار مامەڵەی دروستکردنی کارت لەو خێزانانە وەرگیراوە کە فۆڕمی خۆراکیان سنووری ماددەی 140 و لە شاری هەولێر نیشتەجێن، لەو ڕێژەیەش 11 هەزار کارت تەواوکراون.
بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر گووتی: مامەڵەی شەش هەزار کارتی ئەو هاووڵاتیانە تەواو کراون کە لەم دواییە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە و لە هەفتەی داهاتوو دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە.
سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس خستەروو، کە پێش دروست بوونی گرژییەکانی ناوچەکە، ڕۆژانە 14 بۆ 18 تانکەری 20 تۆنیی غاز بۆ پارێزگای هەولێر دابین دەکرا، لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ ڕێژەکە بۆ سێ تانکەر دابەزی، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە و دەستکردن بە بەرهەمهێنانەوەی غازی کۆرمۆر، ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 10 تانکەر غاز بۆ هەولێر دابین دەکرێت، بەمەش لەسەرووی 50% دۆخی غاز ئاسایی بووەتەوە.

