دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری ڕووسیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتەکانی دەربارەی هاوکاریی سەربازیی مۆسکۆ بۆ تاران لە میانەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران ڕەت کردەوە و گوتی: “ئەمە جەنگی ئێمە نییە.”
ناوبراو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای هیندیی “ئیندیا تودەی” جەختی کردەوە: “ڕووسیا بەشداریی ئەم شەڕە ناکات. ئەمە جەنگی ئێمە نییە.”
ئەمە لە کاتێکدایە ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بە هاوکارییە سەربازییەکانی ڕووسیا و چین بۆ ئێران لە ماوەی جەنگی دواییدا دەکەن. سەرۆککۆماری ئۆکرایناش گوتبووی مۆسکۆ لە میانەی ئەم شەڕەدا هاوکاریی هەواڵگریی تارانی کردووە و لەم چوارچێوەیەدا وێنەی مانگە دەستکردەکانی بنکە ئەمریکاییەکانی لە ناوچەکەدا خستووەتە بەردەست هێزە سەربازییەکانی ئێران.
گوتەبێژی کرێملین سەبارەت بە پێشنیازەکەی ڤلادیمیر پووتین بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ڕووسیا بانگەشەی ئەوەی کرد ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو پێشنیازەی ڕەت کردووەتەوە.
پێسکۆڤ گوتی: “سەرۆککۆمار ڤلادیمیر پووتین ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا ئەم پێشنیازەی خستبووە ڕوو و گوتبووی ڕووسیا ئامادەیە یۆرانیۆمی پیتێنراوی (ئێران) لە خاکی خۆیدا بپارێزێت. ئەمە دەکرا چارەسەرێکی زۆر باش بێت، بەڵام بەداخەوە لایەنی ئەمریکایی ئەم پێشنیازەی ڕەت کردەوە.”
ناوبراو ئەوەشی گوت پووتین هێشتا ئامادەیە “لە کاتی پێویستیی وڵاتانی پەیوەندیداردا، بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بگەڕێتەوە.”

