کۆمپانیای فۆڵکسواگنی ئەڵمانی پلانی هەیە ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی خۆی لە جیهاندا بە بڕی 1 ملیۆن ئۆتۆمبێل کەم بکاتەوە.
ئۆلیڤەر بلومە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپەکە ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی بازاڕ زۆر سەختە و بەرهەمهێنانی زۆر لە توانای فرۆشتن زیاترە. کۆمپانیاکە دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی لە 12 ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە بۆ 9 ملیۆن ئۆتۆمبێل دابەزێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ داخوازییەکانی بازاڕدا بگونجێت.
ئەم بڕیارە تەنیا بۆ وڵاتێک نییە، بەڵکو هەموو کارگەکانی کۆمپانیاکە لە جیهاندا دەگرێتەوە. بلومە ئاماژەی بەوە کرد، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان پێویستە چونکە تێچووی زۆری خستووەتە سەر کۆمپانیاکە.
ئێستا فۆڵکسواگن خەریکی کەمکردنەوەی 50 هەزار هەلی کارە لە ئەڵمانیا، بەتایبەت لە براندەکانی فۆڵکسواگن، ئۆدی و پۆرش.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد، قازانجی ئێستا بەشی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای نوێ ناکات، بۆیە دەبێت تێچووەکانیان بەردەوام کەم بکەنەوە.
سەبارەت بە داخستنی کارگەکان، بلومە ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا بڕیاری کۆتاییان نەداوە، بەڵام بەدوای ڕێگەی دیکەدا دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان. بۆ نموونە کارگەی ئۆسنابرۆک لە 2025 کۆتایی بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەهێنێت.
فۆڵکسواگن دەیەوێت بەم هەنگاوانە پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات، چونکە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە دوای سەردەمی کۆرۆناوە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کمپانیاکانی چینی بەهێزێکی گەورەوە هاتنە نێو بازاڕەکەوە.

