zagros news agency

‎عەلی زەیدی داوای گەڕانەوەی فراکسیۆنی پارتی دەکات

ڕۆژی شەممە، 2-5-2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهاتبوون، کرد.

لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تاوتوێ کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەلەکردن لە ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت کردەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ماوە دەستوورییەکاندا بگونجێت.

سەرۆک بارزانی لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکان و جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: “پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی، کلیلی سەرەکیی چارەسەرییە و پێویستە هەموو لایەک لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا پابەندی بن.”

لەلایەن خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئاماژەی بە پێویستیی تێپەڕاندنی گرفتەکانی ڕابردوو کرد و ڕایگەیاند کە دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵبدەنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و شاندی یاوەری داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە فراکسیۆنی پەرلەمانی و تیمی حکوومیی پارتی دیموکراتی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا، بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارا و کاریگەر لە پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵدا بکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو

سەڵاح

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی دەکەوێتە دۆخی ئیفلیجی فیدراڵییه‌وه‌

سەڵاح

هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ی ئامەد و مێردین ئاشكرا ده‌كرێت

سەڵاح