ڕۆژی شەممە، 2-5-2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە عەلی ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهاتبوون، کرد.
لە دیدارەکەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تاوتوێ کرا. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەلەکردن لە ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت کردەوە، بە جۆرێک کە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ماوە دەستوورییەکاندا بگونجێت.
سەرۆک بارزانی لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکان و جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری بنەڕەتیی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها لە چوارچێوەی دەستووردا دەبێت. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: “پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی، کلیلی سەرەکیی چارەسەرییە و پێویستە هەموو لایەک لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا پابەندی بن.”
لەلایەن خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، ئاماژەی بە پێویستیی تێپەڕاندنی گرفتەکانی ڕابردوو کرد و ڕایگەیاند کە دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵبدەنەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و شاندی یاوەری داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە فراکسیۆنی پەرلەمانی و تیمی حکوومیی پارتی دیموکراتی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا، بۆ ئەوەی بەشدارییەکی کارا و کاریگەر لە پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵدا بکەن.

