نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆتاییهاتنی سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند، سەردانێکی “بەرهەمدار و سەرکەوتوو”یان ئەنجامداوە و لەگەڵ لایەنەکان جەختیان لە کارکردنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووەتەوە.
لە پەیامێکدا دوای تەواوبوونی دیدارەکانی لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لەو دوو رۆژەدا لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانێتییەکان، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و هاوبەشەکانیان لە بەغدا کۆبووەتەوە و گفتوگۆی ئەرێنییان ئەنجامداوە.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە
ئەمڕۆ سەردانێکی بەرهەمدار و سەرکەوتوومان بۆ بەغدای پایتەخت کۆتایی پێهێنا و لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکان و هاوبەشەکاندا کۆبووینەوە.
جەختمان کردەوە لەسەر کارکردن و هەماهەنگی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە نیشتمانییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان؛ لەنێویشیاندا جەختکردنەوە لەسەر سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و چارەسەرکردنی خێرای دۆخی ئابووری بەهۆی لێکەوتەکانی بارودۆخی ناوچەکەوە. هەروەها جەختمان کردەوە لەسەر دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان.
لەگەڵ هاوبەشەکانمان باسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقمان کرد و پاڵپشتی تەواوی خۆمان بۆ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو دەربڕی بۆ کارکردنی هاوبەش بە ئاراستەی گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناغێکی نوێ لە سەقامگیری، گەشەپێدان و پێشکەوتن.
سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و سنگفراوانی و ئەو گفتوگۆ ئەرێنی و بنیاتنەرانەی کە لە بەرژەوەندی عێراقدا بوون.

