zagros news agency

پارتی لە چەرخی گۆرانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان

لە هەلومەرجە ئاڵۆز و بنبەستە سیاسییەکانی عێراقدا، ڕۆڵی سەرکردایەتی هاوسەنگ لەسەر بنەمای دیالۆگ لە هەموو کاتێک گرنگتر بووە. پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە تەنیا بە لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنی یەکتر و پابەندبوون بە بنەماکانی شەراکەتی ڕاستەقینە لە چوارچێوەی دەستووردا دەکرێت.

لەم نێوەندەدا، بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، وەک سەرکردەیەکی مێژوویی و هێمای شوناس و ئیرادەی سیاسیی کورد، بەردەوامە لە ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێنماییکردنی ڕێبازی سیاسیدا. ئەزموونی دەیان ساڵەی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و تێگەیشتنی قووڵی بەڕێزیان لە هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان ئەو هێز و ئەزموونەی پێداوە کە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە بگێڕێت لە ڕاگرتنی هاوسەنگی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا لە کاتە گرنگەکاندا.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم سەرکردایەتییە ستراتیژییە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە ڕێبازێکی دیپلۆماسی و پراگماتیک و گرژی کەمکەرەوە توانی کەشی گفتوگۆی نێوان لایەنە عێراقییەکان و تەنانەت ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر بکات. ڕۆڵی بەڕێزیان لە نێوەندگیری و نزیککردنەوەى دیدگاکاندا یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی بۆشاییە سیاسییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا.

هەروەها لەسەر ئاستی جێبەجێکردن، بەڕێز مەسرور بارزانی هەوڵی داوە هەرێمی کوردستان بگۆڕێت بۆ ئەکتەرێکی سەقامگیر و بەرپرسیار و متمانەپێکراو لە هاوکێشەی عێراقدا بە گرنگیدان بە چاکسازییە ئابوورییەکان و باشترکردنی کایەکانی حوکمڕانی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان. ئەم ڕێبازە جێبەجێکارییە پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ هەر پەیوەندییەکی سیاسی سەرکەوتوو لەگەڵ بەغدا.

تێکەڵبوونی ئەم سێ ئاستی سەرکردایەتییە- ستراتیژی، دیپلۆماسی و جێبەجێکردن- ڕێگەی بە پارتی دێموکراتی کوردستان داوە کە ڕۆڵێکی کاریگەر لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و هەنگاونان بەرەو سەقامگیری لە ساتەوەختە گرنگەکاندا بگێڕێت. بە بۆچوونی من گەڕانەوەى پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشداری چالاکانە لە دامەزراوە فیدراڵیەکان، لەوانەش پەرلەمانی عێراق، پێویستی بە گەرەنتیکردنی مافە یاساییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونی ڕاستەقینە بە بنەمای هاوبەشی هەیە.

بە ڕأی من ئامانج ڕوونە: بەهێزکردنی سەقامگیری و پاراستنی هاوسەنگی و بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ هەموو عێراقییەکان- داهاتوویەک کە تێیدا گفتوگۆ جێگەی ڕووبەڕووبوونەوە و قەیران بگرێتەوە.

نووسینی: عبدالقادر هەرکی

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانێکی خۆراگرو بەهێز و خاکەڕایی

یاسین

ئیدریس بارزانى،سەرکردەیەکى ئاشتیخواز،کۆڵنەدەر وئازادیخواز

سەڵاح

ڕابەرایەتى بارزانى،، لۆژیک، ئاشتى ،داکۆکیکار بۆ دۆزى نەتەوە

سەڵاح