zagros news agency

پزیشکیان: بەرپرسیارێتی ئیمتیاز نییە و دەبێت بەرپرسان لە خەڵکەوە نزیک بن

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ ڕێبەری باڵای وڵاتەکەی، موجتەبا خامنەیی ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە شێوازی مامەڵەی بەرپرسان لەگەڵ هاووڵاتییاندا بگۆڕێت.

پزیشکیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7-5-2026، لە میانی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی پیشەسازی ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکەمان لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو و نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند، ئەوەی زۆر سەرنجی ڕاکێشام، خاکەڕایی، ڕاستگۆیی و شێوازی گفتوگۆی ڕێبەری باڵا بوو، کە متمانە و ئارامییەکی زۆری بە دانیشتنەکە بەخشیبوو.”

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم جۆرە مامەڵەیە دەبێت ببێتە نموونە بۆ هەموو بەرپرسانی دەوڵەت و گوتی: “کاتێک بەرزترین بەرپرسی وڵات بەو شێوەیە بە سادەیی و ڕێزەوە لەگەڵ بەرپرسان و خەڵکدا کۆدەبێتەوە، پێویستە لە هەموو ئاستەکانی تری بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەمان ڕەوشت پەیڕەو بکرێت؛ واتە بەرپرسان لە خەڵکەوە نزیک بن و بە ڕاستگۆیی گوێ لە کێشەکانیان بگرن.”

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پزیشکیان پەیامێکی ئاراستەی خاوەن پۆستەکان کرد و گوتی، “پۆست و بەرپرسیارێتی لە سیستەمی ئیسلامیدا ئیمتیاز و باڵادەستی نییە، بەڵکو بارێکی قورس و ئەرکێکی گەورەیە بۆ خزمەتکردنی خەڵک، نابێت هیچ بەرپرسێک پۆستەکەی بکاتە بیانوو بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگە دوور بکەوێتەوە یان جیاکاری لە نێوان خۆی و خەڵکدا دروست بکات.”

لە کۆتاییدا پزیشکیان دووپاتی کردەوە، کەشی گفتوگۆکەی لەگەڵ ڕێبەری باڵا، بەهۆی ئەو ڕێزە دوولایەنەی کە هەبووە، زۆر ڕاشکاو و نزیک بووە، ئەمەش وایکردووە هەست بە متمانەیەکی تەواو بکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بەرپرسێكی پارتی: دەرفەتە بۆ خەڵكی سلێمانی كە متمانە بە پارتی بدەن تا دەڤەرەكەیان بۆ ئاوەدان بكەینەوە

سەڵاح

‎پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک کارا دەکرێتەوە

گوران

هێزەکانی ئاسایشی سووریا قەدەغەی هاتووچۆیان لە حومس درێژ کردەوە

سەڵاح