ڕۆژی شەممە، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لەگەڵ ئازاد لەشکری، بەڕێوەبەری هونەری شێوەکاری و کاری دەستی، سەردانی گەلەریی تایبەتی هونەرمەندی کۆچکردوو سلێمان شاکریان کرد.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا، تابلۆ و شاکارە هونەرییەکانی ئەو هونەرمەندە کوردەیان بینی و لە نێزیکەوە ئاگاداری پاراستنی بەرهەمەکانی بوون. بەڕێوەبەری گشتی لە دەفتەری یاداشتەکانی گەلەرییەکەدا چەند پەیڤێکی نووسی و ستایشی کارەکانی کرد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، سلێمان شاکر خزمەتێکی گەورەی بە بواری پەروەردە و هونەری شێوەکاری لە کوردستان گەیاندووە و ناوی بە نەمری دەمێنێتەوە.
ئەم گەلەرییە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە، کاتێک هونەرمەندەکە لە ژیاندا مابوو، ماڵەکەی خۆی کردە ناوەندێکی هونەری بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکانی.
سلێمان شاکر، کە یەکێک بووە لە تێکۆشەرە دێرینەکانی کوردستان، لە 1935 لە گوێڕ لەدایکبووە و لە 30ی 9ی 2025 بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە. ئەو هونەرمەندە لە ڕێگەی کوردایەتییەوە ئازاری زۆری چەشتووە و لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە زیندانی کراوە، بەڵام بەردەوام لەسەر خزمەتکردن بە فەرهەنگ و نیشتمانەکەی سوور بووە و کۆڵی نەداوە.
سلێمان شاکرەوە بەردەوام پەیڕەوی هونەری ریالیزمی کردووە و زۆربەی تابلۆکانی ڕەنگدانەوەی جوانیی سروشتی کوردستان بوون.

