zagros news agency

گرووپێكی مەترسیداری سپیكردنەوەی پارە دەستگیرکران

 

لەناو جەرگەی ئیستانبۆڵ، ئاساییشی ئەو شارە توانی گرووپێكی ترسناك دەستگیر بكات، كە هەرچی كاری نایاسایی هەیە كردوویانە بۆ ئەوەی بتوانن ئیمپڕاتۆڕیەتێكی مەترسیدار دروست بكەن و لە هەموو شارەكانی توركیا بڵاو ببنەوە.

سەرەتا گرووپەكە لە ئیزمیری توركیا بوونە، پاشان لە ئیستانبۆڵ و هەشت شاری توركیا خۆیان جێگیر كردووە و شانەی نووستوویان داناوە. ئەو گروپە، پارەی رەشیان سپی كردووەتەوە، هەروەها مادەی هۆشبەریان هێناوە و فروشتویانە، جیا لەوەی لەڕێگەی دیجیتاڵەوە پارەی كریپتۆیان فرۆشتووە و بەشێوەیەكی ساختە خەڵكیان هەڵخەڵەتاندووە و توانیویانە سەروەتەكەیان لە یەك هەژماری بانكیدا یەك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیرەی توركی بێت.

ئەو كەسانەی دەستگیر كراون لە ئیستانبۆڵ و شارەكانی تری توركیا ٥٣ كەسن، كەسایەتییەكان پێشتر كاری جۆراوجۆریان كردووە، وەكوو كرێكاری و كاری میكانیكی و دارتاشی و زۆری تر.

ئەوەی سەردەستەی ئەو گرووپە بووە، كەسێك بووە بەڕگەز عێڕاقییە و ناوی موشتاق قادر عومەرە، ئەو كەسایەتییە پێشتر سەرۆكی دامەزراوەی وەقفی توركمانی نێودەوڵەتی بووە، بەڵام هەر لەو رێگەیەوە چەندین كاری نایاسایی كردووە، وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، موشتاق لە رێگەی ئەو دامەزراوەوە ملیۆنان دۆلاری رەشی سپی كردووەتەوە.

هەروەها تەلەڤزیۆنی (خەبەر تورك) بڵاوی كردووەتەوە، موشتاق پێشتر لە هەولێر دەستگیر كراوە، چونكە لە عێڕاقدا بە تاوانی فرۆشتنی مادەی هۆشبەر سزا دراوە و توانراوە لە هەولێر دەستگیر بكرێت و بۆ ماوەیەك لە زیندان ماوەتەوە.

ئەوەی بووەتە مایەی سەرنج، موشتاق لەناو خانەوادەكەیدا هاوسەرەكەی و خوشكی هاوسەری و خەسووی لەگەڵی بوونە، واتە لە هەموو كارێكی نایاسایی ئەوان كاروباری دارییەكەیان بۆی ئەنجام داوە، بۆیە ئەوانیش دەستگیر كراون.

بەگوێرەی راپۆڕتێكی (خەبەر تورك) بێت، موشتاق زۆر زیرەك بووە لە ئای تی، بۆیە لەرێگەی تەكنەلۆژیاوە كۆمپانیایەكی ئەڵكتڕۆنی تایبەت بە پارەی ئەلكترۆنی داناوە و توانیویەتی لە دەرەوەی توركیاش خەڵك هەڵبخەڵەتێنێت و ملیۆنان دۆلار بەدەست بهێنێت، لە كاتێكدا كۆمپانیایەكە وەهمی بووە و لە توركیا تۆمار نەكراوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسەكانی توركیا، موشتاق و ئەوانەی لەگەڵیدا دەستگیر كراون، بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی دەكرێن، چونكە كاری نایاساییان كردووە و پارەی رەشیان سپی كردووەتەوە و چەندین چەكی بێمۆڵەتیش لە كۆشكە گەورەكەی لە ئیستانبۆڵ دەستی بەسەردا گیراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەو شوێنەی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەکێک لە شەقامی 120 مەتری تێکچوو، چاک کرایەوە

سەڵاح

کۆمپانیای مێتا چات بۆتی ئەپی واتس ئەپ قەدەغە دەکات

سەڵاح

له دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پرسی هەمواری یاسای هەڵبژاردن یەکلایی دەکرێتەوه

سەڵاح