بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بنکەی (قەڵای نوێ) بۆ فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کرایەوە. وەزیری ئەوقافیش ڕایدەگەیێنێت، ئەم بنکانە ڕۆڵیان دەبێت لە پەروەردەکردنی منداڵان بە گیانی نیشتمانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٦، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بنکەی (قەڵای نوێ)ی بۆ فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کردەوە.
لە گوتارێکدا لەکاتی کردنەوەی بنکەکە، د. پشتیوان سادق وێڕای پیرۆزبایی، دووپاتی کردەوە کە وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئەم جۆرە ناوەندانە. وەزیری ئەوقاف جەختی لەوەش کردەوە کە “ئەم بنکانە تەنیا شوێنی فێرکردنی قورئان نین، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پەروەردەکردنی منداڵان بە گیانی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی، بۆ ئەوەی بۆ داهاتوویەکی گەش ئامادە بکرێن.”
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە ئێستادا ١١٤ بنکەی مۆڵەتپێدراوی فێرکردنی قورئان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەن، کە سەرجەمیان لەژێر چاودێری و ڕێنماییەکانی وەزارەتدا خزمەت دەکەن.

