zagros news agency

ناوخۆ و کشتوکاڵ بۆ پاراستنی ژینگە کۆدەبنەوە؛ سووتاندنی پەرێزی زەوی قەدەغە کرا

تیمی باڵای وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ تێیدا چەند بڕیارێکی توند بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگری لە زێدەڕۆیی سەر سامانە سروشتییەکان دەرکران، لەوانەش قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێزی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

رۆژی دووشەممە، ١١-٥-٢٠٢٦، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و شاندێکی یاوەری کرد. ئامانجی کۆبوونەوەکە توندوتۆڵکردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت بوو بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک بۆ سەر دارستان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، پاوەن و سەرچاوە ئاوییەکان.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزیری ناوخۆ جەختی لە ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژینگەپارێزی و پاراستنی سامانی سروشتی کوردستان.

گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:

١. قەدەغەکردنی سووتاندنی پەرێز: بڕیاردرا بە هەموو شێوەیەک سووتاندنی قەسەڵ و کڵۆش و پەرێزی زەوییەکان لەلایەن جوتیارانەوە دوای دروێنە قەدەغە بکرێت، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر خاک و زیندەوەران و مەترسیی کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوەی گەورە.

٢. ڕێگری لە زێدەڕۆیی: جەختکرایەوە لە لابردنی هەر جۆرە زێدەڕۆییەک بۆ سەر ئاوی ژێر زەوی، دارستانەکان، بەنداو و دەریاچەکان.

٣. زیادکردنی نوێنەرایەتی: بڕیاردرا نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لیژنەکانی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاد بکرێن.

٤. هەماهەنگی ئەمنی: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، فەرمانی بە پارێزگارەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە بڕیارەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکەن، هاوکات هەماهەنگی نێوان پۆلیسی دارستان و فەرمانگەکانی کشتوکاڵ بۆ کارکردن وەک یەک تیم چالاکتر بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزارەتی کشتوکاڵ داتا و پێشنیازەکانی خۆی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان و پاراستنی دارستانەکان خستە ڕوو، کە بڕیارە وەک گشتاندن ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا ڕێگری لە هەر زیانێکی ژینگەیی بگیرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە هەولێر جەژنانە و کورسی کەم ئەندامان بەسەر ژمارەیەک خاوەن پێداویستی تایبەت دابەشکرا

یاسین

دژەتیرۆری كوردستان زانیاری لەبارەی بۆردومانكردنی ئۆتۆمبێلێكی پەكەكە لە شنگال بڵاو دەكاتەوە

سەڵاح

دەستەی کەشناسی: سبەی کۆتایی بە شەپۆلی بارانبارین دێت

سەڵاح