دوای ساڵانێکی زۆر لە کۆچی دوایی، ناوی مایکڵ جاکسن، ئەستێرەی جیهانیی پۆپ، جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو باس و خواسی خەڵک. ئەمەش دوای ئەوەی چوار خوشک و برای خێزانی “کاسکیۆ” کە زۆر لە جاکسۆنەوە نزیک بوون، لە بەرنامەی “60 خولەکی ئوسترالیا” دەرکەوتن و تۆمەتی قورسیان ئاراستە کرد.
ئەو خوشک و برایانە ڕایانگەیاند، جاکسن ناوبانگ و دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی ڕەفتارە ئازاربەخشەکانی کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بووە.
ئاماژەیان بەوە کرد، پەیوەندییان لەگەڵ جاکسن لە ساڵانی هەشتاکانەوە دەستی پێکردووە و وەک بەشێک لە بازنەی نزیکی ئەو بوون، بەڵام ئەم ئەزموونە شوێنەواری دەروونی قورسی لایان جێهێشتووە.
لە سکاڵایەکی یاساییدا، خێزانی کاسکیۆ باسیان لەوە کردووە، جاکسن دیاریی گرانبەها و گەشتی فڕۆکەی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی متمانەیان، هەروەها تۆمەتباریان کردووە بە بەکارهێنانی ماددەی هێورکەرەوە و کحول بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر باری دەروونییان.
لە بەرانبەردا، پارێزەری میراتی مایکڵ جاکسن هەموو ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و بە هەوڵێک بۆ دەستکەوتی دارایی وەسفی کردن.

