zagros news agency

وەزارەتی ناوخۆ ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی زێدەڕۆیی توندتر دەکات

لێژنە بۆ پارێزگاکان، قائیمقامیەت و ناحیەکان دادەمەزرێ و بە دەسەڵاتی تەواوەوە کاردەکات

بە فەرمانی ژمارە (١٣٩٣٣ لـه ١٣-٥-٢٠٢٦) بە واژووی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکارەکانی ڕێگری و لابردنی سەرپێچی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت و سەرچاوە و سامانە سروشتییەکان توند کران و بۆ ئاستی ناحییەکان شۆڕ کرانەوە.
بە گوێرەی فەرمانێکی وزاری، دوا بەدوای گشتاندنی ژمارە (١٣٧٨٨ لە ١٢-٥-٢٠٢٦) و بۆ چالاکترکردنی هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت، دارستان و پاوان، حەرەمی شەقام و بەنداو و پۆند و چەم و رووبارەکان، و دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەڕێزان وەزیری کشتوکاڵ، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان، نوێنەرانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بە پشت بەستن بە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٩ بڕیاردرا بە پێکهێنانی لێژنەی ڕێگریکردن و لابردنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، هاوشێوەی لێژنەی هەولێر، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە و راستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە پارێزگار/ سەرپەرشتیار، بەم جۆرەی خوارەوە:
یەکەم: لێژنە پێک دێت بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی چالاک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئەندامێتی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، پۆلیسی دارستان و ژینگە، بەرێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ، نوێنەری وەزارەتی شارەوانی، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و نوێنەری هەر دەزگایەکی دیکە لە سنووری پارێزگا/ ئیدارەی سەربەخۆ کە بە پێویستی دەزانرێت.
دووەم: پێکهێنانی لێژنەی لاوەکی لە دەرەوەی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی لە قائیمقامیەت و ناحیەکان بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و ژینگە، و ئەندامێتی نوێنەری ئاسایش، نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، یەکێک لە موختاری سنوور. راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە قائیمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە.
سێیەم: پێدانی دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک کە لە یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨، یاسای ڕێگری لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی دیکە وەکو زێدەڕۆیی پێناسەکراوە.
چوارەم: کەسی زێدەڕۆکار ئاگادار دەکرێتەوە بە ڕاگرتنی زێدەڕۆییەکە و لابردنی لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر. ئەگەر سەرپێچی و زێدەڕۆییەکەی ڕانەگرت و لا نەبرد، دەستبەجێ کەیسی یاسایی لەسەر دەکرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت و ئاماژە بە ماددەی (١٤)/ یەکەم لە یاسای ئاماژەبۆکراو لە بڕگەی دووەم، نابێت زێدەڕۆکار لە هەردوو قۆناغی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی یان دادگایی کردن، ئازاد بکرێت تا زێدەڕۆییەکە لا دەبات. لێژنە و خانەوادەی زێدەڕۆکار، زێدەڕۆکە لەسەر خەرجی زێدەڕۆکار لادەبات بە پێی بڕگەی یەکەم لە ماددەی ١١ی یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١٨.
پێنجەم: پارێزگار و سەرپەرشتیار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بەرپرسن لە پێکهێنان و بەدواداچوونی کارەکانی ئەو لێژنانە و جێبەجێکردنی ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیکار و زێدەڕۆکاران لە رێی ئەو لێژنانەی لەم فەرمانە هاتوون.
شەشەم: هەر کەسێک لە یەکە ئیداری و فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت کەمتەرخەمی، ئاسانکاری یان چاوپۆشی بکات لە زێدەڕۆیی، بە پێی یاسا و ڕێسا بەرکارەکان ڕێکاری توندی بەرامبەر وەردەگیرێت.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ
١٤ی ئایاری ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوەیەک دەدات

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، پيرۆزبايى له‌ كرێكاران ده‌كات

دڵشاد

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌وادەى هونه‌رمه‌ند زاهير عه‌بدوڵڵا ده‌كات

یاسین