نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ٦٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەتی یەکێتییەکە و تەواوی مامۆستایانی کوردستان کرد و تێیدا ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی مێژوویی و نیشتمانیی ئەوان دووپات کردەوە.
دەقی هەواڵەکە:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا وێڕای پیرۆزبایی گەرم، هیوای سەرکەوتنی بۆ مامۆستایان خواست لە جێبەجێکردنی پەیامە پیرۆزەکەیاندا و ڕایگەیاند: “مامۆستایانی کوردستان هەمیشە سەلماندوویانە کە تەنیا فێرکار نین، بەڵکوو پهروهردهكارى خهمخۆر و پێشەنگی پاراستنی ناسنامە، زمان و بەها بەرزەکانی گەلەکەمانن.”
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، مامۆستایان لە سەردەمی شۆڕشدا “سەنگەری هۆشیاری” بوون و لە دوای ئازادیشدا بە دڵسۆزی و خۆڕاگریی خۆیان، نەیانهێشتووە پرۆسەی پەروەردە پەککەوێت. وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، مامۆستایان بە کۆڵەکەی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی کۆمەڵگە وەسف کراون.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پشتیوانیی بێپایانی خۆی بۆ داوا ڕەواکانی مامۆستایان کردەوە و ڕایگەیاند: “پێویستە ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ مامۆستایان دابین بکرێت کە لەگەڵ ئەرک و پێگە و ماندووبوونیاندا بگونجێت، چونکە برەودان بە تواناکانی مامۆستا، وەبەرهێنانی ڕاستەقینەیە لە داهاتووی نەوەکانماندا.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەستخۆشی لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان کرد کە هەمیشە وەک چەترێک بۆ داکۆکیکردن لە مافی مامۆستایان ماوەتەوە، هەروەها سڵاو و دروودی بۆ گیانی پاکی ئەو مامۆستایانە نارد کە تەمەنی خۆیان لەپێناو پەروەردە و ئازادیی کوردستاندا بەخشی.

