سەرۆکی ئەمریکا، سێشەممە لە وتارێکدا لە چالاکیی “گەشتی ساڵانەی کۆنگرێس” لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند کە واشنگتۆن بە زووترین کات شەڕ لەگەڵ ئێران کۆتایی پێدەهێنێت، و جەختی کردەوە کە ڕێگا نادات ئێران چەکی ناوکی هەبێت.
پێش ئەوەش، ترامپ ئاگاداری دا کە ئەمریکا لەوانەیە هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران بکات، دوای ئەوەی ئاشکرای کرد لە دوا ساتدا هێرشێکی فراوانی وەستاندووە بۆ ئەوەی دەرفەتی ڕێککەوتن لەنێوان هەردوو وڵاتەکە بڕەخسێت. لە بەرامبەردا، سوپای ئێران هەڕەشەی کرد بە کردنەوەی “بەرەی نوێ” ئەگەر هێرشەکان دووبارە دەست پێ بکەن.
ترامپ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی وتی: “تەنها یەک کاتژمێر مابوو بۆ ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دووبارە دەست پێ بکات، بەڵام بڕیارەکەی دواخست.”
لە دوای جێبەجێبوونی ئاگربەست لە ٨ی نیسان، کە دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هات، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن، بەڵام هێشتا جیاوازییە زۆرەکان لەنێوان واشنگتۆن و تاران هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسی پرۆگرامە ناوکییەکە.
ترامپ وتی: “هەمووتان دەزانن دانوستان لەگەڵ وڵاتێک چۆنە کە بە توندی تێکشکاوە. دێنە سەر مێزی دانوستان و داوای ڕێککەوتن دەکەن.”
هەروەها زیادیکرد: “هیوادارم پێویست نەبێت دووبارە شەڕ بکەین، بەڵام لەوانەیە ناچار بین هێرشێکی گەورەی تر بکەین. هێشتا دڵنیا نیم.”
لە لایەکی ترەوە، وتەبێژی سوپای ئێران ئاگاداری دا کە کۆماری ئیسلامی “بەرەی نوێ” دژ بە ئەمریکا دەکاتەوە ئەگەر هێرشەکان دووبارە دەست پێ بکەن.
ئەو جەختی کردەوە کە “سوپای کۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی ئاگربەست وەک قۆناغێکی شەڕ دەبینێت و لەم دەرفەتەدا توانیوە تواناکانی شەڕی خۆی بەهێز بکات.”
ترامپ هەروەها ئاماژەی بە ماوەیەکی کورت کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، و وتی: “ڕەنگە دوو یان سێ ڕۆژ بێت، هەینی یان شەممە یان یەکشەممە، یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەڵام ماوەکە زۆر کورتە.”
ترامپ دووشەممەش ڕایگەیاندبوو کە لە دوا ساتدا هێرشێکی نوێی دژ بە ئێرانی دواخستوە، بە داوای ڕێبەرانی سعودیە و قەتەر ە ئیمارات و لە هەمان کاتدا وتبووی “هەلێکی باش زۆر” هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران.
بەڵام ڕوونی کردەوە کە فەرمانی بە سوپای ئەمریکا داوە “ئامادەبن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی تەواو و فراوان دژ بە ئێران لە هەر ساتێکدا”، ئەگەر ڕێککەوتنێک نەگاتە ئەنجام.

