پۆلیسی تورکیا خانمە ئەکتەری ناسراو، سێرینای ساریکایا، دەستبەسەر دەکات و دەیخاتە ژێر لێکۆڵینەوە و پشکنینی پزیشکییەوە.
ئەمەش لە چوارچێوەی دۆسییەکی بەرفراواندا دێت کە گومانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەسەر ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئەو وڵاتە دروستبووە.
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییە ناوخۆییەکانی تورکیا، ساریکایا بۆ ماوەیەکی کاتی دەستبەسەر کراوە. دواتر بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی حکومی و لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەدا، لە سەنتەری پزیشکی دادوەری نموونەی خوێن و قژی لێوەرگیراوە.
خانمە ئەکتەرەکە لە کاتی گواستنەوەی لە نێوان سەنتەری لێکۆڵینەوە، نەخۆشخانە و بارەگای پزیشکی دادوەریدا لەژێر چاودێری هێزەکانی پۆلیسدا بینراوە و پاش تەواوبوونی ڕێکارە سەرەتاییەکان بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە، بەڵام ڕێکارە یاساییەکان لەسەر دۆسییەکە هێشتا بەردەوامن.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکە، ناوی سێرینای ساریکایا هەفتەی ڕابردوو لە ناو لیستێکدا هاتووە کە ٢٥ کەسی بەناوبانگ لەخۆدەگرێت و گومانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەریان لێدەکرێت، بەڵام ناوبراو لە کاتی هەڵمەتی یەکەمی پۆلیسدا لەناو خاکی تورکیادا نەبووە، کە تێیدا ٢٠ کەس دەستگیرکران و پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا.
پێشتریش دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتی هاوشێوەیان ئەنجامدابوو، کە بووە هۆی دەستبەسەرکردنی چەندین هونەرمەندی وەک: گۆرانیبێژ فاتیح کاراجا، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر تان تاشچی و ئەکتەری ناسراو ئۆنوور تونا.
ئەو کەسانەی کە ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەبێت واتە سەلمێندراو بێت کە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێناوە، ڕووبەڕووی تۆمەتی خاوەندارییەتی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەبنەوە.
بەپێی یاسای سزادانی تورکیا، سزاکە لە نێوان ٢ بۆ ٥ ساڵ زیندانیی دەبێت و ئەگەر تاوانەکە لە شوێنە گشتییەکان یان نزیک لە دامەزراوە پەروەردەیی، تەندروستی و ئایینییەکان بێت، سزاكە قورستر دەبێت.
هاوکات یاسای تورکیا ڕێگە بە دواخستنی ڕێوشوێنە یاساییەکان دەدات بۆ هەندێک لە تۆمەتباران، بەو مەرجەی بۆ ماوەی ساڵێک بچنە ناو پڕۆگرامی چارەسەرکردن و شیاندنەوەوە؛ لە ئەگەری پابەندبوونیان بە مەرجەکانی پڕۆگرامەکەوە، دۆسییەکانیان دادەخرێت.

