سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد کە هێزە سیاسییەکان کاندیدەکانیان بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتانە دیاری کردووە کە بڕیارە گۆڕانکاریی وەزاریی چاوەڕوانکراو لە کابینەکەی عەلی زەیدی بیانگرێتەوە، کە لە نێویاندا هەردوو وەزارەتی پەیوەندییەکان و گواستنەوە هەن.
سەرچاوەکە بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندووە کە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی هومام حەموودی، ژمارەیەک ناوی بۆ وەرگرتنی وەزارەتی پەیوەندییەکان خستووەتە ڕوو، لە نێویاندا ئەحمەد عەبدولجەبار و وەزیری پێشووی تەندروستی ساڵح حەسناوی، وەک جێگرەوەی مستەفا سەنەد.
ئاماژەی بەوەش داوە کە ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، محەممەد زوبەیدیی وەک کاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتی گواستنەوە لە بری وەزیری ئێستا وەهب حەسەنی هەڵبژاردووە.
دوێنێ سەرچاوەیەکی حکومی بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاندبوو کە ڕێککەوتنێکی سیاسی و حکومی هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی وەزاری دوای یەکلاکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، کە پێشبینی دەکرێت قۆناغی یەکەم وەزیرانی گواستنەوە، پەیوەندییەکان و نەوت بگرێتەوە لە ژێر ڕۆشنایی ئەنجامەکانی هەڵسەنگاندنی کارکردن و ڕاوێژکردن لەگەڵ هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکاندا.
بەپێی سەرچاوەکە، ئاراستەی گۆڕینی وەزیری گواستنەوە پەیوەندیی بە هۆکاری تەندروستییەوە هەیە، لە کاتێکدا گۆڕینی چاوەڕوانکراوی وەزیری نەوت باسم عەبادی لەسەر پاشخانی شکستهێنان دێت لە ژمارەیەک دۆسیەدا، بێ ئەوەی هۆکارەکانی گۆڕینی وەزیری پەیوەندییەکان دیاری بکرێن.
بژاردە خراوەڕووەکانی بەردەم حکومەت، سەرەڕای دیاریکردنی وەزیری نوێ، یەکخستنی هەردوو وەزارەتی نەوت و کارەبا لە چوارچێوەی یەک وەزارەتدا لە ژێر ناوی «وەزارەتی وزە» دەگرێتەوە، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی دوورخستنەوەی وەزیری نەوت لە پۆستەکەی لەلایەن زەیدییەوە بەهۆی ئاشکرابوونی پرۆسەکانی دزین و بەقاچاغبردنی نەوت لە ژمارەیەک شاری عێراقدا.

