کۆمپانیای فیڕاری لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری ڕۆما، پەردەی لەسەر یەکەم ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی خۆی بەناوی “لوچێ” لادا.
ئەم ئۆتۆمبێلە نوێیە کە نرخەکەی 550,000 یۆرۆیە، هەر ئێستا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە بووەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بووەتە هۆی دابەزینی پشکەکانی کۆمپانیاکە بە ڕێژەی نزیکەی 8%.
ڕەخنەگران لەبارەی دیزاینەکەی ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، شێوەی ئەم ئۆتۆمبێلە تەنیا لە “Nissan Leaf” یان مۆدێلە هەرزانەکانی تۆیۆتا دەچێت و ئەو هێز و جوانییەی تێدا نییە کە بەردەوام لەم براندە چاوەڕوان دەکرێت.
جۆن ئێلکان، سەرۆکی کۆمپانیای فیڕاری کە ئۆتۆمبێلەکەی پێشکەشی سەرۆکی ئیتاڵیا کرد، ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی لوچێ بڕیارێکی بوێرانەیە بۆ پێشەنگایەتیکردنی داهاتوو. ئەم ئۆتۆمبێلە بە هاوکاری جۆنی لڤی، دیزاینەری پێشووی کۆمپانیای ئەپڵ دروستکراوە.
سەرەڕای ڕەخنەکان، لوچێ خاوەنی توانایەکی تەکنیکی بەرزە و 4 مۆتۆری کارەبایی تێدایە کە هێزی زیاتر لە 1,000 ئەسپ بەرهەم دەهێنن. تەنیا 2.5 چرکەی پێویستە بۆ ئەوەی خێراییەکەی لە سفرەوە بگاتە 100 کیلۆمەتر و خێراییەکەشی 310 کیلۆمەترە.
کارلۆ کالێندا، وەزیری پێشووی پیشەسازی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، ئەم ئۆتۆمبێلە سوکایەتییەکی جوانکاری و تەکنەلۆژییە بە هەموو ئەوانەی خولیای فیڕارین. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ژێرخانی پیشەسازی ئیتاڵیا لەژێر سەرپەرشتی ئێلکان بەرەو لاوازی دەچێت.
کۆمپانیاکە 5 ساڵی خایاند تاوەکو سیستمێکی دەنگی تایبەت پەرەپێبدات بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەنگی “ئامێری جلشۆر” نەدات، بەڵکو دەنگێکی بەهێزی هەبێت.
هەر ئێستا داواکاری بۆ کڕینی ئەم بەرهەمە دەستیپێکردووە و چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ یەکەم بەشی بگاتە دەستی کڕیاران.

