لەکاتی دەستپێکردنی کارەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا، فیلمی سینەمایی “جیران”لە دەرهێنانی سینەماکاری ناسراوی کورد مانۆ خەلیل، خەڵاتی شانازیی فێستیڤاڵەکەی پێبەخشرا.
خەڵاتەکە لە نێو ئامادەبوونی بەرچاوی ڕەوەندی کوردی، هونەرمەندان و بینەرانی بیانی پێشکەش بە دەرهێنەر کرا، کە خۆیشی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە و بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە فیلمەکە.
دەرهێنەر مانۆ خەلیل، دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و نووسیویەتی:
“سوپاسی بێپایان بۆ فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بێرمینگهام بۆ بەخشینی خەڵاتی شانازیی فێستیڤاڵ بە فیلمەکەمان “جیران”. سوپاس بۆ ئەم ڕێزلێنانە و بۆ بەرزڕاگرتنی هێزی سینەما”.
ئەم فێستیڤاڵە وەک یەکەمین خولی خۆی لە شاری بێرمینگهام بەڕێوەچوو. ئامانجی فێستیڤاڵەکە ناساندنی کولتوور، مێژوو و ناسنامەی کوردییە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی زمانی سینەماوە. لەم خولەدا زیاتر لە ٣٣ فیلمی جۆراوجۆر (فیلمی درێژ، کورتەفیلم، و ئەنیمەیشن) لە هەر چوارپارچەی کوردستان و تاراوگەوە بەشدار بوون، و فیلمی “جیران” وەک فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە دەستنیشانکرابوو.
فیلمی “جیران” بەرهەمێکی هاوبەشی سویسرا و فەرەنسایە و لە ٢٠٢١ بەرهەم هێنراوە. ڕووداوەکان لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە گوندێکی سەر سنووری نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری کوردستان ڕوودەدەن. لە ڕێگەی چاوی منداڵێکی حەوت ساڵان بە ناوی “سێرۆ”، فیلمەکە تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانی دەسەڵاتی بەعس و هێنانی مامۆستایەکی شۆڤێنی بۆ گوندەکە کە دەیەوێت منداڵانی کورد ناچار بکات بە عەرەبی بخوێنن و کینا و ڕق لە دژی نەتەوەکانی دیکە و جیرانە جوولەکەکانی گوندەکە بچێنێت.
فیلمەکە بە شێوازێکی تەنزئامێز و پڕ لە درامای مرۆیی، نیشانی دەدات چۆن ناسیۆنالیزمی کوێر و دیکتاتۆرییەت ژیانی ئاشتییانەی مرۆڤەکان تێکدەدات.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە زیاتر لە ٢٠٠ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی نمایشکراوە و پتر لە ٧٠ خەڵاتی جیهانی لە ئەوروپا، ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بەدەستهێناوە.
مانۆ خەلیل لە ١٩٦٤ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە. لە زانکۆی دیمەشق مێژوو و بەڕێوەبردنی خوێندووە، پاشان لە ١٩٨٧ چۆتە چیكۆسلۆڤاکیا و لەوێ بڕوانامەی ماستەری لە دەرهێنانی سینەمایی و تەلەفزیۆنی بەدەستهێناوە.
بەهۆی چالاکییە سیاسی و نەتەوەییەکانی و دروستکردنی فیلمی بەڵگەنامەییەکانی، لەلایەن ڕژێمی سووریاوە ڕاوەدوو نراوە و لە ١٩٩٦ەوە وەک پەنابەرێکی سیاسی ڕووی لە سویسرا کردووە و لە شاری بێرن نیشتەجێیە.
خاوەنی چەندین فیلمە لەوانە “مێشەوان”، “پەڕەسێلکە” و “داڤید تولهیلدان”.

