ترەیلەری فەرمی وەرزی سێیەمی زنجیرەی بەناوبانگی خەیاڵی و فەنتازیا “House of the Dragon”، کە سەرچاوەکەی لە ڕۆمانی “Ice & Fire”ی نووسەر جۆرج ڕ.ڕ. مارتن وەرگیراوە، شەپۆلێکی بەرفراوانی ڕەخنەی لەلایەن هەواداران و بینەرانەوە بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەم ڕەخنانە دوای ئەوە هاتن کە ترەیلەرەکە چەندین ڕووداوی گرنگی وەرزی نوێی زنجیرەکەی ئاشکرا کردووە.
لە دیارترین ئەو ڕووداوە سەرەکییانەی کە لە ترەیلەرەکەدا بینراون، دەرکەوتنی ئەژدیهاکانی شاژنە “ڕینێرا تاریگاریان” بوو لە ئاسمانی پایتەخت (کینگس لاندینگ). ئەم دیمەنە بە ڕوونی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن ڕینێرا و هەڵاتنی خوشک و براکانی لە پایتەخت نیشان دەدات، دوای ئەو هەموو ئامادەکاری و ڕاهێنانە بەرفراوانەی لە وەرزەکانی پێشوودا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەژدیهاکان و خۆسازدان بۆ جەنگ ئەنجامدرابوون.
ڕایان کۆنداڵ، بەرهەمهێنەری زنجیرەکە، سەرنجی بینەرانی بۆ یەکەمین ئەڵقەی وەرزی سێیەم ڕاکێشا و ڕایگەیاند: “بێگومان ئەڵقەی دەستپێکی وەرزی نوێ، شێتانەترین ئەڵقە دەبێت لە مێژووی تەلەفزیۆندا”. ئەم لێدوانەش وەک ئاماژەیەک بوو بۆ قەبارەی ئەو جەنگە گەورە و ڕووداوە پڕ لە ململانێیانەی کە بڕیارە لەم وەرزەدا پێشکەش بکرێن.
زنجیرەی “House of the Dragon” کە بەشێکی وەرگیراوە لە جیهانی زنجیرەی ناسراوی “Game of Thrones” و لەسەر بنەمای ڕۆمانی “Fire & Blood” نووسراوە، بڕیارە یەکەمین ئەڵقەی وەرزی سێیەمی لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە ڕێگەی تۆڕی ئەمریکی HBO و کەناڵی Sky Atlantic و سەکۆی NOW لە بەریتانیا بە فەرمی پەخش بکرێت.

