zagros news agency

لەنێوان ویژدانی نیشتمانی و یاسای جەنگەڵدا

 

“پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت. داوا دەكەم لە دوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن . ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتمانییە و پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست”. ئەمە ناوەڕۆكی ئەو دەستپێشخەرییە بوو كە سەرۆك بارزانی بۆ ڕزگاركردنی كوردستان لەو چەقبەستووییە سیاسییەی تووشی هاتووە لە پەیامی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا خستیەڕوو.

 

لە وەڵامی ئەو بانگەوازە نیشتیمانی و خەمخۆرانەیەدا بەداخەوە بافڵ تاڵەبانی وەك لایەنی سەرەكیی ئەو قەیرانەی لە كوردستاندا بەڕێوەیە، لە پانێڵێك لە شاری سلێمانیدا بە وتەكانی ئەوەی سەلماند كە ناتوانێ ڕەفتاری بەرپرسیارانەی هەبێت و شتێكی ئەوتۆ لە ئەركی ویژدانی و نەتەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاكان كوردستان شک نابات. پێدەچێ ئەو بڕیاری دا بێت یانیش ڕاسپێردرابێت ببێتە مەكینەی خۆخۆری و جنوونی سیاسی. گاڵتەی بە هەرچییەك بێت كە لە خزمەت بەرژەوەندیی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بێت.

 

ئەم خەراپەكاری و پێشێلكردنی بەها و پڕەنسیپەكان كە بافڵ تاڵەبانی دەیكات و جاڕی بۆ دەدات تەنیا لە دژی پارتی و پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ئەنجامی نەداوە. ئەمەی بە ڕۆژی ڕووناك لە دژی حزبەكەی خۆی و هاوڕێ و خزم و هاوسەنگەرەكانیشی كردووە. كێ پێشبینیی ئەوەی دەكرد ڕۆژێك لە ڕۆژان هەزاران چەكدار و دەیان زرێپۆشی هێزێكی كوردی، شکۆ و ئارامیی شار بشێوێنن و لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا پەلاماری هۆتێلێك بدەن و بە زەبروزەنگ و چەك و ئاگر تەسفیە حیسابی سیاسی لەگەڵ نزیکەکانیدا بكات؟ لەكوێی دنیادا بووە لە كاتی هەڵبژاردندا سێ سەرۆك حزب بخرێتە زیندان و لەناو زیندان و لەژێر فشاردا سەودا و سەفەقەی كورسی لەگەڵ سەرۆكی یەكێك لە حزبەكاندا بكەیت و دواتریش بەناوی سوننەتی دیموكراسی و دروستكردنی هاوپەیمانییەوە بە خەڵك بفرۆشیەوە و بیكەیتە كەرەستەی قووڵتركردنی قەیرانەكان؟ لەناو كام میللەتێكدا یاریكردن بە قووتی خەڵك و بودجە و هەوڵدان بۆ دروستكردنی قەیرانێك كە ڕاستەوخۆ ژیانی هاووڵاتیان دەكاتە ئامانج، بوێری و پیاوچاکییە و بە سیاسەتكردن هەژمار دەكرێت؟

 

لە ساڵی 2024 و 2025 گەلی كوردستان دووجار لەسەر یەك لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەنگ و ئیرادەی خۆی ڕاگەیاند. لە هەر دوو هەڵبژاردندا پارتی دیموكراتی كوردستان دوو هێندەی حزبەكەی بافڵ دەنگی هێنا. بەپێی بەها و بنچینەكانی دیموكراسی بێت، ئەوە دەنگی گەل سەنگی مەحەكە بۆ ئەوەی ئایندەی كڵێشەی سیاسی و ئیداریی بۆ چوار ساڵ دابڕێژڕێت. پێدەچێ لە چوارچێوەی دنیابینیی بافڵ تاڵەبانیدا ئەوەی بایەخی نەبێت دەنگی گەل و بنچینەكانی دیموكراسی بێت. ئەوەی ئەو كاری بۆ دەكات و بە تەمایە بیسەپێنێ لە سایكۆلۆژیا و ئەدەبیاتی قێزەونی شەڕی ناوخۆ و بڕوابوون بە یاسای دارستانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمە شتێکە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرانی ناو یەکێتیش کە لەژێر گوشار و پەراوێزی توند دان، پێیان هەزم ناکرێت و لێی بە گلەیین. بەڵام پرسیاری سەرەكیی ئەوەیە ئایا ئەوەی بۆ دەچێتە سەر؟

 

ڕێگەی ڕاست بۆ ڕزگاركردنی كوردستان لەو قەیرانە قووڵە ڕەچاوكردنی سێ بابەتی سەرەكییە، ملكەچبوون بۆ دەنگ و ئیرادەی گەل و پەندوەرگرتن لە مێژوو و بڕوابوون بە ئەخلاق و ویژدانی نیشتمانی. لۆژیكی یاسای دارستان و قوماری سیاسی دادی هیچ كەسی نەداوە و نادات.

هەواڵی پەیوەندیدار

کوردێک خۆی بۆ بەربژێریی هەڵبژارنی سەرۆک‌کۆماری ئێران ناونووس کرد

یاسین

پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بەڕووداوەکانی شارەدێی وەرتی لەسنوری قەزای ڕواندوز

یاسین

کەتائیبی حیزبوڵڵا: محەمەد باقر سەعدی سەر بە ئێمە نییە

یاسین