پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناتۆدا گرژیی تێدایە. واشنتن داوا لە ئەندامە ئەورووپییەکانی ئەو پەیمانە بەرگرییە دەکات بەرپرسیارێتیی زیاتر بگرنە ئستۆ. ئێستا یۆهان وادێفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، دەیەوێت لەگەڵ مارکۆ ڕووبیۆ، هاوتا ئەمریکییەکەی، گفتوگۆ بکات.
یۆهان وادێفۆڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە گەشتەکەیدا بۆ واشنتن بە نیازە لەگەڵ مارکۆ ڕووبیۆ لەبارەی دابەشکردنی نوێی بەرپرسیارێتییەکان لە چوارچێوەی ناتۆدا گفتوگۆ بکات. ئەم سیاسییەی پارتی دیموکراتی مەسیحیی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی حوزەیران پێش بەڕێکەوتنی بۆ واشنتن ڕایگەیاند: «ویلایەتە یەکگرتووەکان گرنگترین هاوبەشمان بووە و دەمێنێتەوە.»
ناوبراو زیادی کرد ئاسایشی ئەورووپا-ئەتڵەنتیک بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەندە بەوەی «لە داهاتووشدا وەک ڕابردوو بە بڕیارەوە لە ناتۆدا لە پەنای یەکتر بوەستین.» بە گوتەی ئەو، ڤلادیمیر پووتن، سەرۆکی ڕووسیا، لەبەر هۆکاری دروست ناوێرێت هێرش بکاتە سەر هیچ ئەندامێکی ناتۆ، چونکە «بەرگریی بەکۆمەڵمان کاریگەرە.»
وادێفۆڵ گوتی لە واشنتن لەگەڵ ڕووبیۆ باس لەوە دەکەن چۆن دەتوانن لە لوتکەی هەفتەی داهاتووی ناتۆ لە ئەنقەرە، بگەینە دابەشکردنی نوێی بەرپرسیارێتییەکان و پشتگیریی بەردەوام بۆ ئۆکراینا. بڕیارە سەرکردەکانی ٣٢ وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی تەممووز لە لوتکەی ئەو پەیمانەدا بەشدار بن.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ نێوەندگیری لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە زۆر خاو بووەتەوە. هەروەها ئەم پرسە بە وردی دەبینرێت ئایا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لوتکەی تورکیادا بە ڕاستی پشتگیریی ئەو پەیمانە دەکات یان نا. ترەمپ هاوپەیمانەکانی وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا تۆمەتبار دەکات بەوەی پشتگیریی پێویستی ناتۆ ناکەن.
وادێفۆڵ لە بەرانبەردا لەبارەی ئێران جەختی کردەوە ئەڵمانیا و ئەمریکا ئامانجی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە ڕێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان واشنتن و تاران بگاتە چارەسەرێکی بەردەوام. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی “ستراتیژیی پڕمەترسیی” ئێران لە گەرووی هورمزدا نیشانی دەدات ناتوانرێت سیاسەتی تەناهی و سیاسەتی ئابووری لە یەکتر جیا بکرێنەوە.
وادێفۆڵ دوای دیداری ڕووبیۆ، بەرەو پاراگوای بەڕێ دەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی بازاڕی هاوبەشی وڵاتانی ئەمریکای باشوور (مێرکۆسۆر). یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی مێرکۆسۆر، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ناوچەیەکی گەورەی بازرگانیی ئازادیان پێکهێناوە.

