رێبوار حەمەلاو شوانى
مێژوو و خەبات و خەسڵەت وکردەوەکانى پێشمەرگە ، ڕابەرایەتیکردنى دۆزى گەلى کورد نەک تەنها لە سنوورێکى جوگرافی دیاریکراو بەڵکو لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەى کوردستان پێمان دەڵێن ، ڕاستە نییە ئەگەر سەرۆک بارزانى تەنها لە چوارچێوەى دروشم و حزبێک دا هەڵسەنگاندنى بۆ بکرێت ، بەڵکو هەنگاوەکانى بۆ تەبایی نێوماڵى کوردستانى و ئینجا بەرگریکردن لە رۆژە سەختەکاندا و وەک قەڵایەکى پۆڵاین بۆ ئێستا وداهاتووى گەلى کورد باشترین بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن ، بەتایبەت یەکخستن و یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان بەدیهاتنى ئەو ئاواتە لە مێژووییە بۆ سەرۆک بارزانى کە هەموو ژیانى پێشمەرگەى پارێزەرى گەل و نیشتمانەکەى بووە
گرنگە بزانین پێشمەرگە ڕەمزى و هێز و ئیرادەى نەتەوەیی کوردوکوردستان کە ڕەگ و ریشە لە قوڵایی دەست و دۆڵ و چیا سەرکەشەکانى کوردستان داکووتاوە ، وەک چۆن جەنابى سەرۆک بارزانى فەرمووێتى : پێشمەرگە لە فرمێسک و خوێنى گەلى کوردستان لە خەباتیان بۆ مانەوە وڕووبەڕووبوونەوەى ستەم و داگیرکارى لەدایک بوو . ئەوەش ئاماژەیە بەو راستییە کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئاوێتەى ڕۆح و گیان گەلى کورد و جوانترین پێناسەى نەتەوەیەکە ، هەر ئەوەشە وایکردووە کە پێشمەرگەى بە متمانەپێکراوترین هێز لە سەر ئاستى ناوچەکە و بەکردەوەش پارێزەرى ئاسایش و سەقامگیرى نەک تەنها کوردستان بەڵکو عێراق و هەموو ناوچەکەیە
سەرۆک بارزانى ، وەک پێشمەرگەیەک لە تەمەنى 16 ساڵییەوە , تا بە ئێستا چەکى شەرەف و کوردایەتى وەک لە شان کرد ، ئەوەش سەرەتای خەبات و بەرخودان و رابەرایەتى بارزانى بوو کە تێیدا جگە لە خەباتى پێشمەرگایەتى بەڕێگەى سیاسەت و دیپلۆماسى و هەڵگرتنى ئەرک و بەرپرسیارێتى لە رۆژە سەختەکاندا وبەرامبەر بە گەل ونیشتمانەکەى ، ڕووبەڕووى هەوراز و نشێوى زۆر بووە، هەمیشە وەک مەشخەڵى رووناکى و ئومێد و بە ڕۆحێکى پێشمەرگانە لە پێناو بەدیهێنانى مافەرەواکانى گەلەکەى و گەیاندنى دەنگ و دۆزى کورد بە هەموو جیهان ناخۆشترین وسەختترین ڕێگانى بڕیووە
ئەوەى سەرۆک بارزانى ، وەک پێشمەرگە و ڕابەرێک هەمیش خەباتى بۆ کردووە ، تەبایی و یەکبوونى ڕیزەکانى گەلەکەى بووە ، بەتایبەتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کە لە دواى 34 ساڵ و یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە لە قۆناغێکى وەک ئێستادا و بوونى بە دامەزراوەیەکى نیشتیمانى لە ژێر یەک سەکردایەتیی دا ، ئاواتى سەرۆک بارزانییە ، پێشمەرگە ئەو هێزە دوژمن بەزێنەیە ، کە بەسەرکردایەتى بارزانى ، لە قۆناغەسەختەکانى دوێنى و ئەم چەند ساڵەى دواییدا و بەتایبەتى شەڕى تیرۆریستانى داعش ، سنگى کردە قەڵایەکى پۆڵایین و لەسەنگەرى پێشەوە شەڕى مان ونەمانى دەکرد ـ بۆیە،هەم کوردستان و هەمیش هەموو ناوچەکە و جیهانى لە مەترسى تیرۆر پاراست و تێکى شکاند
بەدڵنییاییەوە، ئەم یەکبوونەوەى هێزەى پێشمەرگەى کوردستان لە قۆناغێکى وەک ئێستادا نەک هەر دەبێتە قەڵایەکى پۆڵایین بەرامبەر نەیاران و دوژمنانى کوردستان ، بەڵکو قەوارەى کوردستان و دەستکەوتەکانى دەپارێزێت و دەبێتە هەوێنى بەدیهێنانى ماف و گەیشتن بە ئامانجەکانى دیکەمان .
یەکبوونى هێزەکانى پێشمەرگە ، بەدڵنییاییەوە کاریگەرى لە سەر سەنگ و پێگەى هەرێمى کوردستانیش لەسەر ئاستى ناوچەکە و دەرەوە بەجێدەڵێت و ڕەنگدانەوەى دەبێت ، لە هەمانکاتیشدا دەبێتە هۆى سەقامگیرى زیاترى کوردستان،عێراق و ناوچەکە و پشتیوانى زیاترى نێودەوڵەتیش بۆ پێشمەرگەى و کوردستان بەدێت ، بۆیە بوونى یەک هێزى پێشمەرگە تەنها لە چوارچێوەى دەستکەوتێکى سیاسى نییە ، بەڵکو هەنگاو و وەرچەرخانێکى مێژووییە دەتوانێت قەوارەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر بکات ، ئینجا لە سەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتیش پەیوەندییەکانى کوردستان بگەێنێتە قۆناغێکى بەهێزتر وپتەوتر
دەبێ ئەو راستییە مێژووییە بزانین، رابەرایەتى سەرۆک بارزانى ، واتە کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرى و خوێندنەوەى رووداو وپێشهاتەکان و هەڵسەنگاندنى دۆخە نەخوازراوەکان و پارێزگاریکردن لێیان ، بەتایبەتى دواى 34 ساڵ هەر لە کاتى راپەڕینە مەزنەکەى بەهارى ساڵى 1991 تا شەڕى ڕووخانى دیکتاتۆرییە لەساڵى 2003 و ئینجا شەڕى جیهانى تیرۆریستانى داعش لە 2014 ، سەرکەوتنى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی لە 2017 و ئینجا پارێزگاریکردن لە قەوارەى هەرێمى کوردستان ، هەموو ئەمانە مێژووییەکى حاشاهەڵنەگر و یەکلاکەرەون لە کوردستاندا ، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن ؛ ڕابەرایەتى سەرۆک بارزانى ، قەڵایەکى پۆڵاینە بۆ دۆزى گەلى کورد

