نووسینی / صادق سيرينی
لەمێژووی شۆڕش و بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی گەلاندا، کەم نین ئەو سەرکردە نەتەوەییانەی کە لەبری بەختەوەری جامە ژەهراوییەکەی میحنەتییان نۆش کردووە. میحنەتی ڕاستەقینەی سەرکردە لەوەدا نییە کە دوژمنێکی بەهێزی لەبەرامبەردایە؛ چونکە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوژمن هاوکێشەیەکی ڕوونە. میحنەتی گەورەو تراژیدیای جەرگبڕ کاتێک دەست پێ دەکات کە سەرکردەکە لەسەردەمێکدا دەژیت زۆر لەپێش هۆشیاریی گەلەکەيەتی.
لەسیاق و کۆنتێکستی مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا، ناوی مەسعود بارزانی بەرجەستەکاری ئەم میحنەتە قووڵەیە. بارزانی تەنیا بڕیاردەرێکی سیاسی یان سەرۆکی حیزبێک نییە، بەڵکو هەڵگری میراتێکی مێژوویی و ڕەمزییەتێکی نەتەوەییە کە جڵەوی ئاواتی سەربەخۆیی کوردی بەدەستەوە گرتووە. بەڵام تراژیدیای مێژوویی ئەم سەرکردەیە لەوەدایە کە دەبێت لەسەر زمینێکدا داوای سەرخستنی دەوڵەت و سەربەخۆیی بکات، کە نەک هەر ووڵاتێکی ئەجنەبیی و ڕژێمە ئیقلیمییەکان، بەڵکو هێزو کایەو جەمسەرە سیاسییە ناوخۆییەکانیش لە عەلمانیی و ئیسلامیی خاوەنی کۆمەڵێک لێکدانەوەی تەسک، بەرژەوەندیی حیزبیی و هەڵچوونی کاتین.
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ هەڵماڵینی پەردەی ڕاستییەکان لەسەر میحنەتی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ سەرکردەیەک کە قوربانیی تێنەگەیشتن و هەزم نەکردنی دیدگا ستراتیجییەکانییەتی لەلایەن بەشێکی کورد، سەلماندنی ئەو ڕاستییە تاڵەيە کە کورد تەنیا کاتێک قەدری ئەم جۆرە سەرکردە مێژووییانە دەزانێت کە لەدەستیاندەدات.
ریفراندۆمی 2017؛ تاج و سەنەدیی سەروەریی و لوتکەی خیانەتی ناوخۆیی
لەخولگەی ئەم هاوکێشە ئاڵۆزە ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییانەدا، کاتێک لەساڵی 2017دا جەنگی داعش بەرەو کۆتایی دەچوو، بارزانی بڕیاریدا پرسی ریفراندۆم و مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان بباتە قۆناغی بڕیاردانی نەتەوەیی. ئەمریکا، بەریتانیاو هێزە هەرێمییەکان بەهەموو توانایەکەوە دژی ریفراندۆم وەستانەوە. هاوپەیمانان تەنیا یەک وەڵامی کلێشەییان هەبوو: “بچنەوە بەغداو دانوستان بکەن!”
بارزانی دەیزانی کە بەغدا بەعەقڵییەتێکی شۆڤینییانەوە مامەڵە دەکات و هیچ بەدیلێکی ڕاستەقینە بێ زەمانەت و گەرەنتیی نێودەوڵەتیی بوونی نییە. بۆیە لەهەڵوێستێکی مێژووییدا کە لەمێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا وێنەی کەمە، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی دادپەروەرانەیدا. لە 25ی ئەیلولی 2017دا، زیاتر لە 92%ی گەلی کوردستان دەنگیان بە “بەڵێ” دا.
بەڵام میحنەتە گەورەکەی بارزانی لێرەدا تەقییەوە:
یەکەم: غەدری نێودەوڵەتیی
ئەمریکاو بەریتانیا چاویان لەڕووی داگیرکارییەکاندا پۆشیی و ڕێگەیاندا هێزەکانی حەشدی شەعبیی و سوپای عێراق بەچەکی ئەمریکی پەلاماری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بدەن.
دووەم: پیلانگێڕیی ئیقلیمی
لەلايەن ووڵاتانی ئيقليمی ئابڵوقەیەکی توندیی ئابووریی و ئاسمانییان بەسەر هەرێمدا سەپاند.
سێیەم: شکست و خەنجەری ناوخۆیی
لەهەمووی تفت و تاڵتر، هەڵوێستی تاقمێک لە ناو پارت و سیاسییە کوردییەکان بوو. لەکاتێکدا کاک مەسعود هەوڵی دەدا کیانی سەربەخۆی کورد دروست بکات، بەشێک لەنەیارە ناوخۆییەکان، کەوتنە خۆشحاڵی دەربڕین بە لەدەستدانی خاکی پيرۆزی هەريمی کوردستان. خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لوتکەی ئەم خەنجەرە ژەهراوییە بوو کە لەپشتی سەرکردەی نەتەوەیی درا.
نەیاران و تاقم و دەستە دژەکانی ڕيفراندۆم کە تا ئەمڕۆش دەهۆڵی دژایەتیی سەرۆک بارزانی لێدەدەن، لەنەفامی خۆیاندا گەوزاون و تێنەگەیشتوون کە بارزانی لەپێناو شکۆی ئەوان و نەوەکانی ئایندە خۆی خستە ناو ئاگرەوە. ئەوان بەبوغزو کینەیەکی کوێرانەوە هێرش دەکەنە سەر کەسایەتییەک کە ئامادە نەبوو ئەژنۆی نەتەوەکەی لەبەرامبەر جيهاندا بچەمێنێتەوە.
دووبەرەکیی ناوخۆو تێنەگەیشتن لە “سەرکردەی سەردەم”
ئەگەر بەقووڵی لەدۆخی سیاسیی کوردستان بڕوانین، درک بەو دووبەرەکييە دەکەين:
– هەندێک لە ئەحزابی عەلمانیی و ئيسلامی: سەرۆک بارزانییان وەک بەربەستێک بۆ بەرژەوەندییە تەسکە حیزبییەکانی خۆیان دەبینی. جیاوازیی ئایدیۆلۆژییان دەکردە پاساو بۆ لێدانی پڕۆژە نەتەوەییەکەی.
– کەمينەيەک لەمیللەت: بەهۆی نوقمبوون لە میدیای ژەهراوی، تێگەیشتنیان تێپەڕی نەدەکرد بۆ ئاسۆی دووربینی بارزانی؛ لەبری پشتیوانیکردنی ئاواتی سەربەخۆیی، بەدووای دروشمی گرفتدارو بێکەڵکی پۆپۆلیستی کەوتن.
حوکمی مێژوو؛ لەنێوان نادیدەگرتنی ئێستاو نەمرکردنی ئایندهدا
مێژووی مرۆڤایەتی ئەوەی سەلماندووە کە گەلان، هەتا سەرکردە گەورەکانییان لەدەست نەدەن، قەدریان نازانن و بەڕاستی لێیان تێناگەن. بارزانی لەپێناو بەرز ڕاگرتنی نێوچەوانی کورد، خۆی و بنەماڵەکەی و ئایندەی سیاسیی خستە بەردەم مەترسیی گەورە و بەردەوام.
ئەوانەی ئەمڕۆ تەمەنیان بەبوغز، کینە، جنێودان و بچوککردنەوەی هەڵوێستە مێژووییەکانی بارزانی بەهەدەر دەدەن، بێگومان لەناو چڵپاوی مێژوودا ون دەبن و لەبیر دەکرێن. بەڵام مێژوو دادپەروەرە؛ دووای دەیان ساڵی تر، نەوەکانی داهاتووی کوردستان کاتێک دەڕواننە ریفراندۆمی 2017و وەستانەوەی بارزانی لەبەرامبەر زلهێزەکاندا، درک بەوە دەکەن کە سەرۆک بارزانی یەکێک بووە لەئازاترین و مەردترین سەرکردەکانی مێژووی کوردو مرۆڤایەتی.
میحنەتی سەرۆک بارزانی تەنیا میحنەتی کەسێک نییە؛ ئاوێنەی میحنەتی نەتەوەیەکە کە هێشتا نەیتوانیوە لەئاستی گەورەیی ئاواتەکانی سەرکردەکەی بێت.

