zagros news agency

گوتاری لادەرانە و مەترسییەکانی لەسەر پرسی نەتەوەیی

 

عارف ڕوشدی

ئەو هێز و لایەنانەی هەڵگری دید و بۆچوونی بێ بنەمای “برایەتی گەلان” و “كۆمەڵگەی دیموكراتیك”ـن، لە بنەڕەتدا خاوەنی گوتارێکی لادەر و نامۆ بە خاکی کوردستان پەیڕەو دەکەن، پێویستە بەلای کەمەوە ڕێز لەو خوێنە زۆر و گەرمە بگرن، کە لە پێناوی سەرفرازیی نەتەوەیی و نیشتمانیی وڵاتەكەمان ڕژاوە.
لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە ئاراستە سیاسییانە کۆمەڵێک تێکۆشەر و خەباتگێڕیان لە خشتە برد بە دروشمی تەمومژاوی و دواتریش بۆ بەدیهێنانی خواستێکی نامۆ و ناڕەوا لە ژێر پەردەی پڕۆسەی ساختەی «خۆگونجاندن»، تێکۆشان و فیداکاریی چەندین ساڵەیان بێبەها کرد و خستیانە خزمەت بەرژەوەندیی ئەوی دیکەوە.
بەش بەحاڵی خۆم، سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەم لایەنانە بە لادانێکی مەترسیدار و گەورە دەبینم، کە لە بنەڕەتدا دژ بە گوتاری ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتییە. ئەو باسوخواسە و ئەو تیۆرانەی ئەوان بانگەشەی بۆ دەکەن، بە هیچ شێوەیەک بیرکردنەوە، داهێنان یان چارەسەرێکی ڕیشەیی تێدا نییە، چونکە بە درێژایی دەیان ساڵی داگیرکاریی، گەلی ئێمە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی نکۆڵیکردن و داننەنان بە ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییاندا، ناچار بە تێکەڵاوبوون بە کۆمەڵگەی گشتگیری نەتەوە سەردەستەکان کراون. لەو مێژووە تاڵەدا دەیان کەس پلە و پۆستی جیاوازی ئیداری و سیاسییان هەبووە، بەڵام هەموو ئەوانە لە پێگەی (بێناسنامە) و بێبەشبوون لە مافی بنەڕەتیی خۆناسیندا تێپەڕیوون، کەچی ئەم هەرا و قەرەباڵغییەی هەندێك باڵی حزبێكی دیاریكراو بەرپایانکردووە، لە بنەڕەتدا تەنیا ئاو لە ئاشی نکۆڵیکردن لە خواستی ڕەوای گەلی ستەمدیدەی کوردستان دەڕژێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەرچی هەرلایەنێک لە چوارچێوەی دیدگای خۆیدا ئازادە چۆن هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام بۆ گەلی ئێمە ئەوەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە گرنگە، ئەوەیە کە ئەوان تێبگەن تەنیا نوێنەرایەتیی بیرکردنەوەیەکی بەرتەسک، ئاراستەکراو و شوێنکەوتووی تایبەت بە خۆیان دەکەن. لەبەر ئەوە، پێویستە دەستبەرداری دەستوەردان لە پرسی پیرۆزی نەتەوەییمان ببن و سنوورێک بۆ ئەم شێواندنە مەترسیدارەی خواستی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و یاسایی گەلەکەمان دابنرێت.
هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵوێستە ئەوەیە کە دید و بۆچوونەکانیان لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی بە ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمانەوە نەبووە و نییە، بەڵکو ئاراستە و ستراتیژییان درێژەدانە بە پاڵپشتی و بەردەوامیدان بە سیاسەتی نەگۆڕی دەوڵەتە داگیرکەر و دابەشکەرەكانی کوردستان و پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە سرووشتی و ڕەواکانی نەتەوەیەکە، کە مێژوویەکی پڕ لە خوێن و قوربانیدانی لە پێناوی مانەوە و سەربەخۆییدا تۆمار كردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک بارزانی؛ سەلیلی مێژوویەکی ڕەسەن و ڕەمزی زیندووی کەڕامەتی نەتەوەیەک

یاسین

ماڵپەڕ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات 2

hakar herki

لاوان داینه‌مۆی داهێنان و گۆڕانكاری

یاسین