zagros news agency

نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی کورستان سزادانی حکومەتی هەرێمە یاخود سزادانی تەواوی گەلی کوردستانە

 

ئەحمەد کانی

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی فاشیستی لە عێراق لە ٢٠٠٣ ەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ وێڕای هەموو کەم و کوڕیەکان و ئەو خاڵە نەرێنیانەی بە بنەما و بێبنەما بەبەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە هەڵدەواسرێت لە بەراووردێکی خێرادا لەنێوان حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەردەمی هەموو کابینەکانی هەردوو حکومەتدا با ئەم چەند پرسیارە بە لێکدانەوەیێکی وورد و بێلایەنانە شڕۆڤە بکەین و وەلام بدەینەوە :
١- کامیان بودجە و میزانیە و پارەی زیاتری لەبەردەستبووە بۆ ئەوەی زیاتر پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش بەهاوولاتیان بکات و وولات بەرەو پێشتر ببات ؟
٢- کامیان بەپێی توانا داراییەکانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتری بۆ هاوولاتیان ئەنجام داوە ؟
٣- هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕال بەبەراوورد بەسەردەمی بەعس و سەدام حسێن :
لەرووی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و پێشکەوتن بەهەموو لایەنەکانیانەوە کامیان پاشەکشەی کردووە و کامیان پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیوە ؟ بۆنمونە
هەولێر و بەغدا
سلێمانی و موسڵ
دهۆك و بەسڕا
هەڵەبجە و کەربەلا
زاخۆ و کوت و بابل
ڕاپەڕین و دیوانیە
سۆران و سەماوە
گەرمیان و رومادی…. هتد .
لەسەردەمی سەدام حسێن و بەعس چۆن بوون ئێستا چۆنن ؟
٤-لەرووی ئیقلیمیەوە کامیان زیاتر بەربەرەکانی کراوەو هەوڵدراوە ڕێگای لێبگیرێت و ئاسۆی بەرتەسك بکرێتەوە و ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی ڕابگیرێت و زۆر جار دەروازە سنوریەکانی لێداخراوە ؟
٥- لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی کامیان زیاتر بە ئەرێنی باسدەکرێن و قبوڵکراون و هێمای پرسیاریان لەسەر نیە ؟
٦- لەرووی ئاسایش و ئاسودەیی و پێکەوەژیان کامیان ئارام و ڕووگەی خەڵکن کامیان خەڵك بەحەزەرەوە ڕوویان تێدەکات ؟
٧- کامیان بۆهەموو عێراقیەکان بەهەموو نەتەوەکانیەوە ( تورکمان ، عەرەب ، کلدان ، سریان ، ئەرمەن ، ئاشوری ، صابئی ، کورد ) هەمیشە دەرگای والایەوە و پەناگایە بۆ هەموویان ؟
٨- ژینگەی گەندەڵی لە کایەی کامیاندا قوڵتر و قێزەوەنترە ؟
لەگەڵ ڕێزمان بۆ کەسانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر کە لەهەردوو لادا دەیانەوێ خزمەتی وولات بکەن .
٩- لەرووی پەروەردە و خوێندنی بالا و تەندروستیەوە سەرەڕای هەموو کەم و کوڕیەکان کامیان باشترن ؟
لەڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئاو ، کارەبا و ڕێگاوبان کامیان زیاتری پێشکەشکردووە ؟
١٠- لە رووی داهاتەوە کامیان شەفافترن ؟ ئایا کەس دەزانێ داهاتی عێراق چی بەسەردێت و هەرهەمووی داخلی بودجەی سالانەی عێراق دەکرێت یاتەنها بەشێکی ڕەمزی داهاتەکە داخلی بودجە دەکرێت ؟
١١- دوور لەمزایەدە و قسە هەڵبەستن نەوتی عێراق چیبەسەردێت ، چەندی بەقاچاغ دەبردرێت ، بەپێی محاصصە بەشی لایەنەکانی دەسەلات و نزیك لەدەسەلات لەم نەوتە چەندە کەبەهیچ جۆرێك ئەم بڕانە داخلی بودجەی عێراق ناکرێن ؟
١٢- کامیان بە عەقلیەتی دەوڵەت ئەجیندای فەرمانڕەوایی ئازادانەتر بەڕێوە دەبات و هەموو هەژمونێکی ئیقلیمی و دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و کامیان ئیرادەی لەدەستداوەو ئەو بەرنامەیە جێبەجێدەکات کەبۆی دانراوەو موسەییەرەو ناتوانێت موخەییەر بێت ؟
١٣- ڕێژەی هەژاری لەسنوری کامیان زیاترە ؟
١٤ – لە رووی کاریزما و کەسایەتی هەڵکەوتنی خەبات و تێکۆشان و مێژوو ڕابردووی شکۆدار و پیاوی دەوڵەت بەڕێوەبردن کامیان شایستە و لێهاتوو لێوەشاوەترن ؟
١٥- لەسەر بنەمایێکی دروستی دەستوری و سیاسی و یاسایی و فەرمانڕەوایی دەبێت کامیان سکالا بکات ؟
١٦ – کامیان پەرۆشی جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی دەستورە و کامیان دەیانەوێ بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڕگەکانی دەستور هەڵبژێرێ و ئەگەر پێی بکرێت دەستور دەخاتە ئەرشیفەوە ؟

کۆتا پرسیارم ئەوەیە هەموو کورد هەموو کوردستانیان بەووردی ئاوڕێك لەمێژووی نزیکمان بدەنەوە ، ئایا
ئەوانەی ئێستا لە عێراق بالادەستن و وولات بەڕێوە دەبەن چ جیاوازیەکیان لەوانەی پێشخۆیان هەیە بەتایبەتی سەدام حسێن بەرامبەر بەکورد و کوردستان ؟
ئایا ئەوانە کورد و کوردستانیانیان خۆش دەوێ و بەلام دژی حکومەتی هەرێمی کوردستانن چونکە پێیانوایە دەبێت حکومەتێکی باشتر لەکوردستان هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی کوردستان بکات ؟
یا کوردستانیان بەشایانی ئەوە نابینن خاوەنی حکومەتی خۆیان بن ؟
باشە ئەگەر دژی گەندەڵین لەکوردستان بۆ بەربەرەکانی گەندەڵی لەعێراق ناکەن و گەندەڵە زەبەلاحەکانی خۆیان سزا نادەن ؟

هەواڵی پەیوەندیدار

حوسێن ئەنوەر : ئەوانەی دەلێن كۆتایی پێدەهێنین مەبەستیان قەوارەی هەرێمە

گوران

ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم دەکات

سەڵاح