حەیات مەجید
ساڵانە لە هەشتی مارسدا، جیهان ئاوڕ لە مێژوویەکی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدان دەداتەوە. ئەم ڕۆژە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی یان جەژنێکی ساڵانە نییە، بەڵکو وێستگەیەکی گەورەی ڕاپەڕین و شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئافرەتانە دژی هەموو شێوازەکانی ستەم، جیاکاریی ڕەگەزی و چەوساندنەوە. هەشتی مارس، مێژووی خەباتێکی بەردەوامە لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئافرەتان لە سەرانسەری ئەم هەسارەیەدا.
ئەم یادە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئافرەتان گوڕوتینێکی نوێ بە خەباتە بێپساوەکەیان بدەن و لاپەڕەیەکی تری هاوکاری و کاری پێکەوەیی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەڵبدەنەوە. هەشتی مارس بانگەوازێکە بۆ بوێری لە دەربڕین و شکاندنی ئەو تابۆ و بەربەستە کۆمەڵایەتییانەی کە ساڵانێکی درێژە بوونەتە هۆی نایەکسانی و نادادپەروەری بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ.
بۆ ئێمەی ژنی کورد، هەشتی مارسی ئەمساڵ واتایەکی قووڵتر و جیاوازتری هەبوو. ئەمساڵ ڕەنگ و بۆنی شۆڕشێکی مەدەنیی بێوێنەی لێ دەهات، لە لایەکەوە دەنگدانەوەی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و لە لایەکی تریشەوە سەرهەڵدانی “شۆڕشی کەزی”. ئەم شۆڕشە نوێیەی ئافرەتانی کورد، نەک هەر لە ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش دەنگێکی زوڵاڵی هەبوو و شکۆ و بڕوابەخۆبوونی ئافرەتی کوردی بە هەموو جیهان نیشان دا.
یەکێک لە خاڵە هەرە درەوشاوەکانی ئەم شۆڕشە، هاوسەنگەری و پشتیوانیی بێدرێغی پیاوان بوو. پیاوانی کورد بوونە پاڵپشتێکی ڕاستەقینە لە ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو توندڕەو و تێرۆریستانەی کە ویستیان کەرامەت و شکۆی ئافرەتی کورد بشکێنن، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی ژنان و پشتیوانیی کۆمەڵگە، خەونەکەیانی لەبار برد و نەیانهێشت نەیاران سەرکەوتوو بن.
ئەم وەرچەرخانە مێژووییە، لە چوارچێوەی سەدان چالاکیی جۆراوجۆردا خۆی بینییەوە، لە هۆندنەوەی هەزاران کەزی وەک سیمبوولی ناسنامە و بەرگری، تا دەگاتە خوڵقاندنی دەیان تابلۆی هونەری، کاری میدیایی، کۆڕ و کۆنفرانسی زانستی. “شۆڕشی کەزی” تەنیا ناڕەزایەتییەکی کاتی نەبوو، بەڵکو بوو بە بەشێکی گرنگ لە مێژووی خەباتی مەدەنیی ئافرەتان. ئەم شۆڕشە هێزی ژنی لە سەنگەری بەرگرییەوە گواستەوە بۆ ناو جەرگەی کۆمەڵگە و بوو بە جێگەی شانازیی تەواوی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە.
لە کۆتاییدا، هەشتی مارسی ئەمساڵ سەلماندی کە خەباتی ئافرەتی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی، ڕەوتێکی دانەبڕاوە و هەموو ڕۆژێک بە ئیرادەیەکی بەهێزترەوە بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێت.

